هۆکاری نەگەڕانەوەی بنزیما بۆ مەشقەکانی ئیتیحاد ئاشکرابوو

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی قەیرانی کەریم بنزیمای هێرشبەری فەرەنسی لەگەڵ یانەکەی، ئیتیحادی سعودی کرد، و هۆکاری نەگەڕانەوەی بۆ مەشقەکانی یانەکەی ئاشکراکرد، کە تاوەکو ئێستا لە پشوویە.
 
بڕیاربوو بنزیما بگەڕێتەوە بۆ مەشقەکانی ئیتیحاد کە هەینی رابردوو لە شاری جددە دەستیانپێکردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە دوورگەی مۆریشیوس ماوەتەوە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، سەرچاوەکانی نزیک لە ماڵباتی بنزیما دووپاتیان کردووەتەوە کە ئامادەنەبوونی ئەو یاریزانە لە مەشقەکانی یانەی ئیتیحاد بەهۆی خراپی کەشوهەوای دوورگەی مۆریشیوس بووە.
 
رۆژنامەکە بڵاویکردەوە، زریانێکی گەورە لە دوورگەی مۆریشیوس روویداوە، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی گەڕانەوەی بنزیما بۆ مەشقەکانی ئیتیحاد.
 
پێشتر چەند سەرچاوەیەک ئاشکرایانکردبوو کە بنزیما کارگێڕیی یانەی ئیتیحادی ئاگادارکردووەتەوە کە راستەوخۆ پەیوەندی بە کەمپی یانەکەی لە دوبەی دەکات، کە ئەمڕۆ یەکشەممە دەستپێدەکات، و یانەکە رەزامەندی نیشانداوە.
 
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، مارسێلۆ گایاردۆی راهێنەری ئیتیحاد گلەیی هەیە و بە کارگێڕیی یانەکەی راگەیاندووە کە جیاکاری لە نێوان یاریزانەکاندا رەتدەکاتەوە، هەروەها دەبوو بنزیما لە دوو رۆژی رابردوودا لە مەشقەکانی تیپەکەدا ئامادە بووایە.
 
تەنانەت هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە گایاردۆ سزای بنزیمای داوە و نیشانەی کاپتنی لێوەرگرتووە.
 
پێشتر چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەڤانی دیکەش ئاماژەیان بەوە کردووە کە بنزیما یاخیبوونی لە دژی یانەکەی راگەیاندووە و نایەوێت بگەڕێتەوە یانەکەی و دەیەوێت بگەڕێتەوە ئەوروپا.
 
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی دیکە، یانەی مانچێستەر یونایتد دەیەوێت بنزیما بۆ ماوەی 6 مانگ بەشێوەی خواستن بباتە ریزەکانی.