کاساس و ئوسامە رەشید وەڵامی رووداو دەدەنەوە

14-01-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خیسوس کاساس ئوسامە رەشید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداو دەداتەوە و باس لە پێکهاتەی تیپەکەی بۆ یەکەم یارییان لە جامی ئاسیا دەکات، کە رۆژی دووشەممە بەرامبەر ئیندونیزیا یاریی دەکەن.
 
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی "یاریی بەرامبەر ئیندونیزیا زۆر گرنگە بۆ ئێمە، بۆ ئەوەی بچینە نێو رکابەرییەکانی جامی ئاسیا، ئێمە دەمانەوێت بەباشترین شێوە بۆ ئەم یارییە ئامادەبین و چاومان لە خاڵەکانی یارییەکەیە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە یارییەکە ئاسانە، ئەوانەی بەرامبەرمان خاوەنی تیپێکی باشن و بەرگرییەکی زۆرباش دەکەن."
 
کاساس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "لە هەڵبژاردەی ئیندونیزیا چەند یاریزانیکی پیشەگەر هەن، تیپێکی بەهێزیان هەیە، بەڵام ئامانجی ئێمە ئەوەیە لە یەکەم یارییدا سەرکەوتن بەدەستبهێنین."
 
خیسوس زیاتر قسەیکرد و گوتی "ئێمە لە بەسرە بەرامبەر ئیندونیزیا یارییمانکرد و بردمانەوە، بەڵام ئەم یارییە زۆر جیاوازە و ناکرێت لەم پاڵەوانێتییەدا بەراورد بکەین، هەر یارییەک دۆخێکی تایبەتی خۆی هەیە و کەس نازانێت لە یارییەکاندا چی روودەدات."
 
راهێنەری پاڵەوانی ئاسیای 2007 متمانەی خۆی بە تیپەکەی دووپاتکردەوە و دەڵێت "متمانەم بە یاریزانەکانی عێراق هەیە، ئەوان لە ئاستێکی بەرزی بیرکردنەوە و بەرپرسیارەتیدان، هەمووان بەیەکەوە کاردەکەن و ئامادەن بۆ ئەوەی هاندەرانی عێراق بە بەدەستهێنانی ئەنجامی ئەرێنی و گەیشتن بە قۆناخەکانی کۆتایی لە پاڵەوانێتییەکەدا."
 
خیسوس کاساس لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی ئەوەی لە یارییەکەی ئیندونیزیا بەهەمان شێوەی چەند یاریی رابردوو یاریی دەکات؟ ئەو گوتی " نازانم، هەر یارییەک جیاوازە، دەزانم تۆ سەیری دوایین دوو یاریت کردووە، بەڵام من و ستافەکەم سەیری هەموو یارییەک و هەموو راهێنانێک دەکەین و بەردەوام سەیری تیپەکەمان دەکەین، بۆیە ئێمە لەسەر زۆر بنەما بڕیار دەدەین نەک لەسەر چەند یاریی رابردوو، هەرچەندە ئەو یاریزانانەی لە چەند یاریی رابردوودا بەشداریانکردووە کەمێک ئەگەریان زیاترە یاریی بکەن، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە."
 
راهێنەری عێراق لەبارەی کۆمەڵەکەیانەوە بە رۆژنامەڤانانی گوت "هەڵبژاردەی ژاپۆن بەهێزترین هەڵبژاردەی کۆمەڵەکەیە و وەک بەربژێر دەمێنێتەوە."
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، ئوسامە رەشید، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی عێراق قسەیکرد و لە وەڵامی پرسیاری رووداودا لەبارەی ئەوەی دەتوانن چی پێشکێشی عێراق بکەن؟ گوتی "ئامانجمان ئەوەیە  ئاستێکی بەرز پێشكێش بکەین، ئەنجامی باش بەدەستبهێنین و خەڵکی عێراق دڵخۆش بکەین، بۆ ئەم جامی ئاسیایە هەوڵ دەدەین بە باشترین شێوە نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق بکەین."
 
یاریزانە کوردەکەی هەڵبژاردەی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "ئەمە جاری سێیەمە وەک یاریزان بەشداری لە جامی ئاسیادا دەکەم، بەپێی ئەزموونی خۆم بەو یاریزانانە دەڵێم کە یەکەمجارە بەشداری دەکەن، کاتی ئێوەیە و چێژ وەربگرن."
 
رۆژی دووشەممە لە یەکەم یارییدا لە رکابەرییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیا، کاژێر 17:30 هەڵبژاردەی عێراق رووبەڕووی ئیندونیزیا دەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە