ڤیدیۆ؛ ئەمشەو لە کلاسیکۆدا پاڵەوان یەکلادەکرێتەوە

14-01-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
کلاسیکۆ
کلاسیکۆ
نیشانەکردن کلاسیکۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێکیان بۆ نزیکبوونەوە و ئەوەی دیکەیان بۆ دوورکەتنەوە لە یەکدی رکابەری دەکەن، کاتێک لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
ئەمشەو جارێکی دیکەی کلاسیکۆی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا چاوی هاندەران بۆ خۆی رادەکێشێت، بەڵام ئەمجارە بۆ ئیسپانیا نا، بۆ ریازی پایتەختی سعودیە و یارییەکی دیکەی کلاسیکۆ دەکەن، کلاسیکۆیەک کە تێیدا پاڵەوانی جامی سوپەری ئیسپانیا یەکلادەکرێتەوە.
 
بارسێلۆنا خاوەنی زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە، 14 نازناوەکەی بردووەتەوە و وەرزی رابردوو دوایینجاری بووە، ئەمشەو دەیەوێت بەبردنەوەی نازناوێکی دیکە پارێزگاری لە دەستکەوتەکەی بکات و هەنگاوێکی دیکە لە رکابەرە هەمیشەییەکەی دووربکەوێتەوە و یەکەم نازناوی ئەم وەرزەشی بباتەوە.
 
بارسا لە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، یاریی بەرامبەر ئۆساسۆناشی بە زەحمەت بردەوە، ئەم یارییە ئاڵنگارییەکی دیکەی تیپەکەی چاڤی دەبێت بۆ ئەوەی بەتەواوی لە دۆخی تیپەکەی تێبگات و بگاتە ئەو بڕوایەی تیپەکەی لەم وەرزەدا توانای چەندە و دەتوانێت چی بکات.
 
بارسێلۆنا لە جامی سوپەردا بەرامبەر ریال مەدرید مێژوویەکی باشی نییە، 8 جار لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر لۆس بلانکۆس یارییکردووە و تەنیا دوو بردنەوەی هەیە، بەڵام بلاوگرانا ئەمشەو دەیەوێت پشت بکاتە ئامار و مێژووی خراپ، پشت بکاتە دۆخی دارایی و ئامادەنەبوونی بەشێکی یاریزانەکان، یەک ئامانج ئەوانی بردووەتە سعودیە ئەویش بردنەوەی نازناوەکەیە.
 
لە بەرامبەردا ریال مەدرید خاوەنی 12 نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیایە، شەوی شەممە تیپەکە دوایین ئامادەکاریی ئەنجامدا، ئەوان بۆ ئەو یارییە ئامادەن کە هەمووان چاوەڕێی دەکەن و جگە لە نازناوەکە تیپەکەی ئەنچێلۆتیش بە هیچ شتێکی دیکە رازی نابێت.
 
ریال مەدرید ماوەیەکی زۆرە هیچ یارییەکی لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا نەدۆڕاندووە کە ژمارەیان 20 یارییە، لە قۆناخی پێشکۆتاییدا یارییەکی دراماتیکیی لە ئاتلێتیکۆ مەدریدی رکابەری بردەوە، ئەمشەو دەیەوێت درێژە بەو ئاستبەرزییەی بدات و بە نازناوەکەوە بگەڕێتەوە مەدرید، بەتایبەت دوای نوێکردنەوەی گرێبەستی کارلۆ ئەنچێلۆتی چاوەڕوانییەکان بۆ ئەو یانەیە زیاتر دەبن.
 
ئەمە کلاسیکۆی دووەمی نێوان هەردوو جەمسەرەکەی ئیسپانیایە، لە کلاسیکۆی یەکەمدا کە لە لالیگادا بوو ریال مەدرید بە سەرکردایەتیی جود بێلینگهام لە بارسای بردەوە و ئەمشەویش هاندەرانی تیپە سپییەکە چاویان لە دەرکەوتنەوەی جود دەبێت.
 
کلاسیکۆی ئەمشەو یەکلاکەرەوەیە، بارسێلۆنا نازناوەکانی دەگەیێنێتە 15 نازناو و زیاتر دووردەکەوێتەوە، یان ریال مەدرید جیاوازیی نێوانیان بۆ تەنیا یەک نازناو کەمدەکاتەوە و دووەم کلاسیکۆی لەسەریەک لە رکابەرەکەی دەباتەوە، لە ئەول پارک وەڵامەکەی یەکلادەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە