پێپێ ریێنا گەڕایەوە پرێمەرلیگ

رووداو - هەولێر

پێپێ ریێنای گۆڵپارێزی ئیسپانی ریزەکانی یانەی ئەی سی میلانی جێهێشت و گەڕایەوە پرێمەرلیگ.

ریێنا بە شێوەیەکی فەرمی لەگەڵ یانەی ئاستۆن ڤێللا رێککەوت و بە شێوەی خواستن بووە گۆڵپارێزی ئەو یانەیە، گرێبەستەکەشی بۆ ماوەی شەش مانگە و تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزەیە، لەسەر داوای دین سمیسی راهێنەری یانەکە، گرێبەست لەگەڵ پێپێ کراوە.

ئەم بڕیارەی یانە ئینگلیزییەکە لە کاتێکدایە، تۆم هیتۆنی گۆڵپارێزی سەرەکی یانەکە لە ئەژنۆیدا تووشی پێکانێکی مەترسیداربووە و ئەم وەرزە بۆ گۆڵپارێزە سەرەکییەکەی یانەکە، کۆتاییهاتووە.

ریێنا تەمەنی 37 ساڵان،  پێشتریش بۆ ماوەی 9 ساڵ لە پرێمەرلیگ و بەتایبەتی بۆ یانەی لیڤەرپوول یاریکردووە، ئەمە جگە لەوەی گۆڵپارێزی بارسێلۆنا، ناپۆلی، بایرن میونشن و ڤیاریالیش بووە، لە هەڵبژاردەی ئیسپانیاش لە مۆندیالی 2010دا لەگەڵ لارۆخا بووەتە پاڵەوان و لە بەدەستهێنانی یۆرۆی 2008 و 2012شدا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا نازناوی بردووەتەوە.