دیخیا دەیەوێت ئۆڵدترافۆرد بەجێبهێڵێت


رووداو - هەولێر

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی بەریتانیا رایانگەیاندووە، دەیڤد دیخیا، گۆڵپارێزی یانەی مانچێستەر یونایتد دەیەوێت ریزەکانی یانەکەی بەجێبهێڵێت، خۆسێ مۆرینیۆی بەڕێوەبەری هونەری یانەکەش بەدوای جێگرەوەیەک بۆ گۆڵپارێزەکە دەگەڕێت.

هاوینی رابردوو دەنگۆی گەڕانەوەی دیخیا بۆ ئیسپانیا و پەیوەندیکردن بە ریزەکانی ریال مەدرید بڵاوبووەوە، بەڵام گۆڵپارێزەکەی لە ئۆڵدترافۆرد مایەوە.

خۆسێ مۆرینیۆ چاودێری یان ئۆبلاک، گۆڵپارێزی سلۆڤینی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات بۆ ئەوەی بباتە ریزەکانی کە نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 100 ملیۆن یۆرۆیە، ئەمە جگە لە گیرونیمۆ رۆلی گۆڵپارێزی باسکی یانەی ریال سۆسیداد کە نرخەکەی 20 ملیۆن یۆرۆ.

دیخیای 27 ساڵ لە ساڵی 2011 لە یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە پەیوەندیی بە مانچێستەر یونایتد کردووە و 222 یاریشی بەدرێسی یانەکەوە ئەنجامداوە.