سەرۆکی ئەو یانەیەی بە ناوبژیوانەکەی تورکیا گوت دەتکوژم، وازیهێنا

13-12-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هێرشی فاروق کوجا بۆ سەر ناوبژیوان خولی تورکیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یانەی ئەنقەرەگوجو تورکی، دوای ئەوەی هێرشی کردە سەر ناوبژیوانێک و بەو هۆیەوە ناوبژیوانەکە گواسترایەوە نەخۆشخانە وازی لە کارەکەی هێنا.
 
لە دوایین یارییاندا لە خولی تۆپی پێی تورکیا کە بەرامبەر یانەی ریزا سپۆر ئەنجامیاندا و یارییەکە 1-1 کۆتاییهات، فاروق کوجا، سەرۆکی یانەی ئەنقەرەگوجو، هێرشیکردە سەر ناوبژیوانی یارییەکە و بە بۆکس لێیدا، کاتێکیش ناوبژیوانە بەربووەوە سەر چیمەنی یاریگە سەرۆکی ئەو یانەیە و دەورووبەرەکەی دەستیان نەپاراست و زیاتریان لە ناوبژیوانەکەدا، بەو هۆیەشەوە ناوبژیوانەکە گواسترایەوە نەخۆشخانە و رووداوەکەش زۆرترین کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و لە جیهاندا بڵاوبووەوە.
 
دوای ئەم رووداوە و هاتنە سەرهێڵی سەرۆککۆماری تورکیا و پەیوەندیکردنی بە ناوبژیوانەکەوە، فاروق کوجا، سەرۆکی ئەنقەرەگوجو بڕیارییدا دەستلەکاربکێشێتەوە.
 
سەرۆکی یانەکە لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "هەرچەند نادادپەروەرییەکە گەورە بێت و ناوبژیوانە چەند هەڵە بکەن، هیچ شتێک ناتوانێت شەرعیەت بداتە ئەو توندووتیژیەی کراوە، داوای لێبوردن لە هەموو کۆمەڵگەی ناوبژیوانانی تورکیا و هاندەرانی وەرزشی دەکەم."
 
دوای ئەو رووداوەی روویدا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بڕیارییدا یارییەکانی خولی تۆپی پێی وڵاتەکە تاوەکو کاتێکی نادیار رابگرێت.
 
ئەو ناوبژیوانەی هێرشیکراوەتەسەر ناوی خەلیل ئوموت مێلێر، دوای چەند کاژێرێک مانەوە لە نەخۆشخانە رەجەب تەیب ئەردوغان، سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندیی پێوە دەکات و دەڵێت "سڵاو کاک خەلیل، بەڕاستی زۆر داوای لێبوردن دەکەین و هیوای زوو چاكبوونەوەت بۆ دەخوازین، شتێکی لەم جۆرە زۆر ناڕەحەتمان دەکات، داوام لە وەزیری داد و وەزیری ناوخۆ و بەرپرسانی دیکە کردووە بە خێرایی هەموو کارێکی پێویست ئەنجام بدەن، لە خوای گەورە داواکارین زوو شیفات بۆ بنێرێت."
 
ناوبژیوانەکەی تورکیا لەبارەی دۆخی تەندروستییەوە بە سەرۆککۆماری وڵاتەکەی دەڵێت "خوای گەورە پاداشتت بداتەوە جەنابی سەرۆک، سوپاس بۆ لێپرسینت، ئێستا شکانێک لەژێر چاومدا هەیە، بەڵام هیچی دیکە نییە، لە نەخۆشخانەکەدا زۆربەباشی گرنگیم پێدەدەن و منیش سوپاسیان دەکەن، بەناوی ئێوەشەوە سوپاسیان دەکەم جەنابی سەرۆک."
 
جگە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ ناوبژیوانەکە ئەنجامیدا، عەلی یێرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا چووە نەخۆشخانە و لە نزیکەوە لە تەندروستیی ناوبژیوانەکەی پرسی.
 
ئەو رووداوی لە تورکیا روویدا بەخێراییەکی زۆرە بووە مانشێتی میدیای جیهان و زۆرترین کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و چاوەڕواندەکرێت فیفا بێتە سەرهێڵ."
 
خەلیل ئوموت مێلێر، ئەو ناوبژیوانەی لێیدراوە، لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "کوجا بۆکسێکی لە چاوی چەپمداوە، کاتێکیش کەوتە سەر زەوی لە بەشەکانی دیکەی جەستەمی دا و روویکردە ئێمەی دەستەی ناوبژیوانان و پێیگوتین دەتانکوژم، دوای ئەوەش بەتەنیا روویکردە من و گوتی دەتکوژم".
 
ناوبژیوانەکە ئێستا دۆخی تەندروستیی باشە و نەخۆشخانەی بەجێهێشتووە، پزیشکەکان دەڵێن "مێلێر تەندروستیی بەرەو باشی دەڕوات و ورەی بەرزە."
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە