ڤیدیۆ؛ ئەو ناوبژیوانەی لە تورکیا لێیدرا نەخۆشخانەی بەجێهێشت

13-12-2023
ئیحسان تاهیر
AFP PHOTO
AFP PHOTO
نیشانەکردن خەلیل ئوموت میلەر فاروق کۆجا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەو ناوبژیوانەی لەلایەن سەرۆکی یانەی ئەنقەرە گوچوی تورکییەوە بۆکسێکی لە دەموچاوی درا، ئەو نەخۆشخانەیەی جێهێشت کە تێیدا چارەسەری وەردەگرت.
 
ناوبژیوان خەلیل ئوموت میلەر، بە یاوەری پزیشکەکەی، نەخۆشخانەی بەجێهێشت، و پزیشکەکەی گوتی "میلەر ورەی باشە و تەندروستی باشە".
 
دەسەڵاتدارانی تورکیا، فاروق کۆجا سەرۆکی یانەی ئەنقەرە گوچویان دەستگیرکرد، دوای ئەوەی بۆکسێکی کێشا بە دەموچاوی میلەر، ئەمەش وایکرد یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا سەرجەم یارییەکانی خولەکە رابگرێت.
 
فاروق کۆجا درەنگانی شەوی دووشەممە دوای فیکەی کۆتایی یارییەکەیان بەرامبەر کایکۆر رەزیسپۆر لە خولی سوپەرلیگدا، کە بە یەکسانبوون 1-1 کۆتاییهات، هێرشی کردە سەر ناوبژیوان و بە تووندی لێیدا.
 
ناوبژیوانەکەش کە کەوتە سەر زەوی، دواتر لەلایەن هاندەرانیشەوە لێیدرا، دوای ئەوەی هێرشیان کردە سەری لەنێو یاریگەدا.
 
یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا دوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە، کە بۆ تاوتوێکردنی توندوتیژییەکان ئەنجامدرا، راگرتنی سەرجەم یارییەکانی خولەکانی بۆ کاتێکی نادیار راگەیاند.
 
میلەر بەهۆی شکانێکی کەمەوە لە نزیک چاویدا گەیێندرایە نەخۆشخانە، بەڵام باری تەندروستی مەترسیدار نەبوو. ق دوای چەند کاژێرێک لە وەرگرتنی چارەسەری رەوانەی ماڵەوە کرا.
 
دکتۆر مەهمەت یۆرۆبولوت، سەرۆکی پزیشکەکانی نەخۆشخانەی ئاچیبادەم لە ئەنقەرە، لەو بارەیەوە گوتی "تازە لە نەخۆشخانە دەرچووین و باری تەندروستی باشە، و دۆخەکەی باشە، بێگومان بەدوداچوونی بەردەوام بۆ دۆخی تەندروستییەکەی دەکرێت، بەڵام ئێستا جگە لە هەڵاوسانێکی کەم لە چاویدا، هیچ گرفتێکی دیکەی نییە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە