بنزیما مێژووی تۆمارکرد و سەرۆکی فیفا پیرۆزبایی لێدەکات

13-12-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کەریم بنزیما جیانی ئینفانتینۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جیانی ئینفانتنیۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان پیرۆزبایی لە کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی ئیتیحادی سعودی دەکات، بەبۆنەی بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی دیکە لە مۆندیالی یانەکاندا.
 
لە یەکەم یاریی مۆندیالی یانەکاندا، کە یارییەکانی لە سعودیە دەکرێن، ئیتیحاد بەسەرکردایەتیی کەریم بنزیما بە 3-0 لە ئۆکلاند سیتی نیوزیلەندی بردەوە و گەیشتە قۆناخی دووەم.
 
ئینفانتینۆ، لە رێوڕەسمی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە و ئەنجامدانی یەکەم یارییدا ئامادەبوو و بینەری بردنەوەکەی بنزیما و تیپەکەی بوو.
 
کەریم بە تۆمارکردنی ئەو گۆڵەی بەرامبەر ئۆکلاند کردی بووە یەکەم یاریزان لە 4 مۆندیالی یانەکاندا گۆڵی تۆمارکردبێت و پێشتر کەس ئەمەی نەکردووە.
 
جیانی ئینفانتینۆ، بەم بۆنەیەوە چەند وێنەیەکی خۆی و کەریم بنزیمای بڵاوکردووەتەوە کە بەشی زۆریان هی ئەو کاتەن کە کەریم لەگەڵ ریال مەدرید مۆندیالی یانەکانی بەدەستهێناوە و سەرۆکی فیفا خەڵاتی دەکات.
 
ئینفانتینۆ لەسەر وێنەکانی خۆی و کەریم بنزیما نووسیوویەتی "پیرۆزبایی لە بنزیما دەکەم، بووە یەکەم یاریزان لە 4 مۆندیالی جیاوازی یانەکاندا گۆڵ بکات."
 
سەرۆکی فیفا دەڵێت "ئەمە دەستکەوتێکی سەرسوڕهێنەرە بۆ یاریزانێکی گەورە، هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم لەم پاڵەوانێتییەشدا."
 
شەوی هەینی لە دووەم یاریی مۆندیالی یانەکاندا، یانەی ئیتیحادی سعودی لە یارییەکی بەهێزدا بەرامبەر یانەی ئەهلی میسری یاریی دەکات و رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە