سوپرایز.. هاوڕێیەکی کریستیانۆ بەربژێرە بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتیی مانچێستەر یونایتد

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، دوای ماڵئاواییکردنی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بیر لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە یانەکەیدا دەکاتەوە و ئەگەری هەیە ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەکەی دووربخاتەوە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئینگلتەرا، مانچێستەر یونایتد لە دۆخی خراپی یانەکەی ناڕازییە و بیر لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری دەکاتەوە، دوای ئەوەی لە قۆناخی یەکەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەرکرا و لە دوای 6 یاری تەنیا 1 یاریی بردەوە و نەیتوانی بگاتە یۆرۆپالیگیش.
 
میدیای بەریتانیا ناوی چەند راهێنەرێکی ئاشکراکردووە کە بەربژێرن بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتیی رێد دیڤڵز، لە ئەگەری دوورخستنەوەی تێن هاگ.
 
یەکێک لە راهێنەرە بەربژێرەکان، زینەدین زیدان، ئەستێرە و راهێنەری پێشووی یانەی ریال مەدریدە کە پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەیە و چەند ساڵێکە ناوی راهێنەرەکە لەگەڵ مان یونایتد دەهێنرێت، لە ماوەی رابردووشدا بڵاوکرایەوە کە زیدان خۆی فێری زمانی ئینگلیزی دەکات و دەیەوێت راهێنەرایەتیکردن لە پرێمەرلیگ تاقیبکاتەوە.
 
یەکێکی دیکە لە بەربژێرەکان بۆ ئەو پۆستە، جولین لۆپیتیگێ، راهێنەری ئیسپانی و پێشووی یانەکانی ریال مەدرید، سێڤییا و ولڤەرهامپتۆنە کە ئێستا بێ یانەیە و میدیاکان دەڵێن "لەنێو مان یونایتد گفتوگۆ لەبارەی دەستنیشانکردنی ئەم راهێنەرە وەکو راهێنەری مان یونایتد کراوە."
 
راهێنەرێکی دیکە کە ناوی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد دەهێنرێت، رۆبێرتۆ دی زێربی، راهێنەری یانەی برایتنە، بەڵام بەهۆی ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی هەیە، زەحمەتە راهێنەرە ئیتاڵییەکە هەمان هەڵەی گراهام پۆتەر دووبارەبکاتەوە و برایتن بۆ یانەیەکی گەورە بەجێبهێڵێت.
 
دوایین راهێنەری بەربژێر بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتیی مان یونایتد بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، گراهام پۆتەر، راهێنەری پێشووی یانەی چێڵسییە کە لەو کاتەوەی لە کارەکەی دوورخراوەتەوە بێ یانەیە.
 
مانچێستەر یونایتد لە دۆخێکی خراپدایە، لە 24 یاریی ئەم وەرزەدا لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا 12 یاریی دۆڕاندووە، لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا ماڵئاواییکرد و لە پرێمەرلیگیش لە پلەی شەشەمی ریزبەندە.