لێدوانێکی چاوەڕواننەکراوی بنزیما لەبارەی رکابەریکردنی لەگەڵ رۆناڵدۆ

 
رووداو دیجیتاڵ

کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی ئیتیحادی سعودی دوای ئەنجامدانی یاریی یەکەمیان لە مۆندیالی یانەکاندا، باس لە رکابەریکردنی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ هاوڕێی پێشووی لە یانەی ریال مەدرید و ئەستێرەی یانەی نەسڕ دەکات.
 
شەوی سێشەممە لە یەکەم یاریی مۆندیالی یانەکاندا، کە رکابەرییەکانی لە سعودیە بەڕێوەدەچن، یانەی ئیتیحادی سعودی بەرامبەر ئۆکلاند سیتی نیوزیلەندی یارییکرد و یارییەکەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و گەیشتە قۆناخی دووەمی مۆندیالی یانەکان.
 
لە یارییەکەدا کەریم بنزیما گۆڵێکی تۆمارکرد و هاوکاریی یانەکەی کرد بۆ سەرکەوتن، لە قۆناخی داهاتوودا ئیتیحاد رووبەڕووی یانەی ئەهلی میسری دەبێتەوە.
 
دوای بردنەوەی ئەم یارییە و تۆمارکردنی گۆڵێک، کەریم بنزیما ریکۆردێکی نوێی لە مۆندیالی یانەکاندا تۆمارکرد و بووە یەکەم یاریزان لە چوار مۆندیالی جیاوازدا گۆڵ تۆمار بکات، جگە لەوەش ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 5 گۆڵ و نزیکە ریکۆردی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە مۆندیالی یانەکاندا بشکێنێت، کە پێشتر دۆن 7 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە دەکرێت ریکۆردی کریستیانۆ بشکێنێت؟ بنزیما گوتی " نەخێر، من بۆ ژمارە پێوانەییەکان یاریی ناکەم، من یاریی دەکەم بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەستبهێنم و نازناو ببەمەوە، ئەوە ئامانجی منە و من بەو هەستەوە یاریی دەکەم."
 
کەریم زیاتر گوتی "تۆمارکردنی گۆڵ رکابەری نییە، ئەمە پەیوەندی بەوەوە نییە، من دەمەوێت هاوکاریی تیپەکەم بکەم بۆ گەیشتن بە بەرزترین ئاستی پێویست بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوەکان، ئەمە بۆ من زۆر لە تۆمارکردنی گۆڵ گرنگترە."
 
 ئەستێرەی یانەی ئیتیحاد لەبارەی سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی داهاتوو دەڵێت "زۆرباشبوو، یارییەکی باشمان ئەنجامدا، سەرەتاییەکی باشە و سەرکەوتوو بووین لە تۆمارکردنی گۆڵ، ئەوەش باشبوو کە بەرامبەر ئەم هەموو هاندەرە یارییمانکرد و هانیانداین، دڵخۆشبووم بەو یارییەی کردمان."
 
رۆژی هەینی کاژێر 21:00 یانەی ئیتیحاد لە دووەم یاریی مۆندیالی یانەکاندا بەرامبەر یانەی ئەهلی میسری یاریی دەکات.