" تیروپشکی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ دووبارە دەکرێتەوە "

13-12-2021
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بە ئەگەرێکی زۆرەوە، تیروپشکی یارییەکانی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ دووبارە دەکرێتەوە و یۆفا ئێستا لە کۆبوونەوەدایە. 

 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئەوروپا بە گەرمی باسی ئەم بابەتە دەکەن و دەڵێن ئەگەری دووبارەکردنەوەی تیروپشکی چامپیۆنزلیگ لە ئارادایە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە لە یەکێك لە راکێشانەکاندا بە هەڵە ناوی یانەی مانچێستەر یونایتد لە جێگەی یانەی مانچێستەر سیتی هاتووە و هەر ئەو کات دووبارەکرایەوە کە نەدەبوو یانەی مانچێستەر یونایتد بکەوێتە بەرامبەر یانەی ڤیاریال چونکە هەردووکیان لەیەک کۆمەڵەدا بوون.
 
کۆبوونەوەی یۆفا لەسەر ئەم بابەتە بەردەوامە و بەپێی میدیاکانی ئەوروپا تیروپشکەکە دووبارە دەکرێتەوە.
 
هەر بەگوێرەی میدیاکان بێت، لە کاتی راکێشانی ناوی ئاتلێتیکۆ مەدرید، ناوی یانەی مان یونایتد نەخراوەتەوە نێو شووشەکە و هەردوو یانەی مان یونایتد و ئاتلێتیکۆ مەدرید بەفەرمی سکاڵایان تۆمارکردووە و داوای روونکردنەوەیان کردووە، فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی ئیتاڵی ئاماژە بەوەدەکات کە هەموو یانەکان ئێستا لەسەرهێڵن لەگەڵ یۆفا بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک.

میدیای ئیسپانیا و ئیتاڵیا سوورن لەسەر ئەوەی کە پاش کاژێرێکی دیکە یۆفا بەفەرمی بڕیار لەسەر دووبارەکردنەوەی تیروپشکەکە دەدات.

تیروپشکی یارییەکانی قۆناخی 16ـی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا راکێشرا و لە بەهێزترین رووبەڕووبوونەوەشدا یانەی مانچێستەر یونایتد رووبەڕووی یانەی پاریس سانجێرمان دەبێتەوە، بە واتایەکی دیکە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ جارێکی دیکە بەرامبەر لیۆنێل مێسی یاری دەکاتەوە.
 
لە نیۆنی سویسرا، تیروپشکی یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا راکێشرا، یانەی ریال مەدرید لە ئەرکێكی تا رادەیەک ئاساندا بەرامبەر بە یانەی بێنفیکا یاری دەکات، یانەی لیڤەرپوولی تووشی یانەی زەبەلاح نەبوو، کەوتە بەرامبەر یانەی سالزبۆرگ، یانەی مانچێستەر سیتی یاری لەگەڵ یانەی ڤیاریالی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی ئەوروپی دەکات، لیل و چێڵسی بەیەکدەگەن، یوڤێنتوس و سپۆرتینگ لیشبۆنە یارییەکی دیکەی قۆناخی 16 دەبێت، ئایاکسی هۆڵەندی و ئینتەرمیلانی ئیتاڵی یاری بەرامبەر یەکدی دەکەن، لە دواییشدا یانەی بایرن میونشن لە یارییەکی ئاگریندا بەرامبەر بە یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید یاری دەکات.
 
مێسی و کریستیانۆ جارێکی دیکە رکابەرییەکەی نێوانیان گەرمتر دەبێت، دوای ئەوەی لە قۆناخی 16ـدا بەیەکدەگەن، مێسی بەرامبەر بە مانچێستەر یونایتد 6 یاری ئەنجامداوە، 4 گۆڵی لێتۆمارکردوون کە دووانیان گرنگترین گۆڵەکانی بارسا بوون لە چامپیۆنزلیگدا کە لە یارییەکانی کۆتایی 2009 و 2011ـدا بوون.
 
کریستیانۆ بەرامبەر بە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی توانیویەتی لە 4 یاریدا 3 گۆڵی تۆمارکردووە، ئاسیستێکیشی هەیە. 
 
لە نێوان مێسی و کریستیانۆدا 36 یاری کراوە، مێسی خاوەنی 16 بردنەوەیە، کریستیانۆ 11 بردنەوەی هەیە، 9 یاریش بە یەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
 
مێسی بەرامبەر ئەو تیپانەی کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریی بۆ کردوون بەشداری لە 33 گۆڵداکردووە، 21 گۆڵ و 12 ئاسیست. 
 
کریستیانۆ بەرامبەر مێسی بەشداری لە 22 گۆڵدا کردووە، 21 گۆڵ و یەک ئاسیست. 

 

یارییەکانی قۆناخی 16

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە