مۆرینیۆ دەستەوارەیەکی گەورەی بۆ دیبالا ئامادەکردووە

13-12-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن خۆزێ مۆرینیۆ پاولۆ دیبالا
A+ A-

رووداو دیجیتال

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە بەریتانیا، باس لەوە دەکەن کە خۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی دەستەوارەیەکی گەورەی بۆ هێنانی پاولۆ دیبالای ئەستێرەی ئەرجەنتینی بۆ تیپەکەی ئامادەکردووە.

ئەو سەرچاوانە ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە مۆرینیۆ سەرسامە بە دیبالا و دەیەوێت نائاسوودەیی ئێستای لەگەڵ یانەی یوڤێنتوس بقۆزێتەوە و رازی بکات بچێتە ریزەکانی تۆتێنهام.

ماوەیەکە ناکۆکی لەنێوان دیبالا و بەرپرسانی یوڤێنتوسدا هەیە، سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە، کە یانەکە نایەوێت مووچەکەی زیادبکات و یاریزانەکەش داوای مووچەی زیاتر دەکات.

بەگوێرەی ئەو راپۆرتە رۆژنامەڤانییانە، بەرپرسانی یانەی تۆتێنهام لەسەر داوای مۆرینیۆ دەستەوارەیەکیان بە نرخی 70 ملیۆن یۆرۆ ئامادەکردووە، بۆ ئەوەی پێشکەشی یانەی خانمە پیرەکەی ئیتالیا بکەن و دیبالا بەرەو لەندەن پەلکێش بکەن.

مۆرینیۆ دەیەوێت لە رێگەی دیبالاوە هێڵی هێرشبردنی تیپەکەی بەهێزتر بکات و بۆ ئەو مەبەستە گوشاری خستووتە سەر بەرپرسانی یانە لەندەنییەکە بۆ ئەوەی واژۆی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە بەدەستبهێنن.

پێشبینی دەکرێت کارگێڕیی یانەی یوڤێنتوس بەو دەستەوارەیە رازی بێت، چونکە دیبالا لە پێکهاتەی ئاندریا پیرلۆی راهێنەردا شوێنێکی سەرەکی بەدەستنەهێناوە و بڕی 70 ملیۆن یۆرۆش داهاتێکی دارایی گەورەیە بۆ ژیاندنەوەی خەزێنەی یانەکەی لەم بارودۆخە داراییە قورسەدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە