مۆندیالی یانەکان.. ئەمڕۆ دوو یاری لەیەک یاریگەدا دەکرێن

14-12-2019
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو-هەولێر

ئەمڕۆ یارییەکانی جامی جیهانیی یانەکان بەردەوام دەبن و دوو یاری بەڕێوەدەچن کە یەکێکیان رووبەڕووبوونەوەیەکی تەواو عەرەبییە.

لە کاژێر 17:00 یانەی هیلالی سعودی و پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا یاری بەرامبەر بە یانەی تەرەجیی توونسی و پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەفریقا دەکات.

ئەم یارییە لە یاریگەی جاسم بن حەمەدی تایبەت بە یانەی سەدد بەڕێوەدەچێت، هەردوو تیپ یەکەم یارییانە لە جامەکە و براوەشیان لە یاری پێشکۆتایی بەرامبەر بە یانەی فلامینگۆی بەرازیلی یاری دەکات.

یانەی هیلال یەکەمجارییانە بەشداری لە مۆندیالی یانەکان دەکەن، بەڵام تەرەجی جاری سێیەمییانە و ئەوان خاوەنی گرێکوێرەیەکن بەرامبەر بە یانە عەرەبییەکان لە جامی جیهانیی یانەکاندا کە ئەرکی ئەمڕۆیان لە یارییەکەدا قورستردەکات.

یانەی تەرەجیی توونسی لە یەکەم بەشدارییان لە مۆندیالدا لە ساڵی 2011 لە قۆناخی یەکەم بە یانەی سەددی قەتەری دۆڕان، ساڵی رابردووش بەهەمان شێوەی بەرامبەر بە یانەی عەینی ئیماراتی تووشی شکست بوون، بەڵام ئەم وەرزە پشتی بە حەوت یاریزانی پیشەگەر بەستووە.

لە یارییەکی دیکەی ئەمڕۆی مۆندیالی یانەکاندا، یانەی سەددی قەتەری لە دووەم یاریی خۆیدا بەرامبەر بە یانەی مۆنتێریی مەکسیکی و پاڵەوانی کۆنکاکاف یاری دەکات.

هیلال و تەرەجی لە رابردوودا چوارجار بەیەکەوە یارییانکردووە، دووجار تەرەجی بردوویێتییەوە، جارێک هیلال براوەبووە و یەکجاریش یەکسان بوون.

ئەم یارییە لە کاژێر 20:30  لە هەمان یاریگەی یاری یەکەم بەڕێوەدەچێت، یانەی سەدد لە قۆناخی پێشوودا شکستی بە یانەی هینگینی کالیدۆنیای نوێ هێنابوو بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک.

چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەی سەدد پێش یارییەکە باسی لە بەهێزی یانە مەکسییەکەکرد و راشیگەیاند کە ئەوان کاریان لەسەر یانەی لیڤەرپوولیش کردووە کە لە حاڵەتی بردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆیاندا، لە قۆناخی پێشکۆتایی رووبەڕوویان دەبنەوە.

لە ریزەکانی یانەی مۆنتێری هەریەکە ڤینسێنت یانسنی هۆڵەندی، ئاڤیلاس هێرتادۆی کۆڵۆمبی و سێلزۆ ئۆرتێزی پاراگوایی بەهۆی پێکانەوە ئامادەی یارییەکە نابن و زەبری تووندیان لە پێکهاتەی ئەنتۆنیۆ محەممەد راهێنەری یانەی مۆنتێری دا.

لە مێژوودا ئەم دوو تیپە هەرگیز بەیەکەوە یارییان نەکردووە و ئەمە یەکەم بەریەککەوتنیان دەبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە