گریمیۆ گەیشتە فایناڵی مۆندیالی یانەکان و چاوەڕێی بەختی دەکات

13-12-2017
رووداو وەرزشی
..
..
نیشانەکردن گریمیۆ، ریال مەدرید مۆندیالی یانەکان
A+ A-

رووداو - هەولێر

 یانەی گریمیۆی بەرازیلی خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی جامی یانەکانی جیهان و لەوێ رووبەڕووی براوەی یاریی نێوان ریال مەدرید و جەزیرە دەبێتەوە، کە ئەمڕۆ ئێوارە بەیەکدەگەن.

یانەی گریمیۆی بەرازیلی خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی جامی یانەکانی جیهان و لەوێ رووبەڕووی براوەی یاریی نێوان ریال مەدرید و جەزیرە دەبێتەوە.
لە یاریی پێشکۆتایی مۆندیالەکە، گریمیۆی بەرازیلی لە یاریگەی هەزاع بن زاید رووبەڕووی یانەی پاچوکای مەکسیکی بووەوە، لەهەردوو گێمی یارییەکە هەردوو یانە چەندین دەرفەتی گۆڵکردنیان رەخساند، بەڵام نەیاتوانی تۆڕی گۆڵی یەکدی بهەژێنن.

یارییەکە تاوەکو خولەکی کۆتایی بە بێ گۆڵ درێژەی کیشا و ناوبژیوان فیکەی کۆتایی کاتی یاسایی لێدا، دواتر یارییەکە چووە کاتی زیادکراو.
لە خولەکی 95دا، ئێڤێرتۆن سوسا سوارێز بە لێدانێکی جوان تۆڕی پاچوکای هەژاند و گۆڵی یەکەمی بۆ گریمیۆ تۆمارکرد.

دواتر لە خولەکی 110 ناوبژیوان ڤیکتۆر گۆزمان یاریزانی پاچوکای بەکارتی سوورکردە دەرەوەو ناچار بە 10 یاریزان درێژەیان بەیاریکردندا و دواتر یارییەکە بەو تاکە گۆڵە لە سوودی گریمیۆ کۆتاییهات و بۆ یەکەمجار گەیشتنە کۆتایی مۆندیالەکە.

ئەمشەویش لە یاریگەی شاری زایدی وەرزشی لە ئەبوزەبی یانەی جەزیرەی ئیماراتی میوانداری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەبێتەوە، کە یەکەم رووبەڕووبەووبوونەوەی نێوان هەردوو یانەیە.

ریال مەدرید بە پێکهاتەیەکی پتەو رووبەڕووی جەزیرە دەبێتەوەو دەیانەوێ بە سەرکەوتن بگەنە یاریی کۆتایی، بۆئەوەی لەوێ بە بردنەوەی نازناوەکە کۆمەڵێک ریکۆرد بشکێنن و کۆمەڵێکی دیکەش بە نێوی خۆیان تۆماربکەن.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە