ڤیدیۆ؛ بلیتی یاریی عێراق و ئوردن نەماوە و نرخەکەی هەرا دەنێتەوە

13-11-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
عێراق و ئوردن
عێراق و ئوردن
نیشانەکردن عێراق ئوردن پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی پێنجشەممە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لەسەر ئاستی ئاسیا بەڕێوەدەچن، هەڵبژاردەی عێراق لە یاریی دێربیی عەرەبدا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن یاریی دەکات.
 
یارییەکە لە بەسرە بەڕێوەدەچێت، بلیتی یارییەکە قسە و باسی زۆری لەسەرە و هاندەرانی عێراق لە شێوازی فرۆشتنی بلیتەکانی یارییەکە ناڕازین و ئێستا هیچ بلیتێک لە بازاڕدا نەماوە و لە بازاڕی رەشدا چەند هێندەی نرخی ئاسایی بلیتەکانی یارییەکە بلیتەکان دەفرۆشرێنەوە.
 
بەهۆی ئەو رووداوانەی لە یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردە لە جامی ئاسیادا روویدا و ئوردن لە عێراقی بردەوە، چاوەڕوانییەکان بۆ ئەم یارییە زۆرن.
 
محەممەد کارێزی، نێردراوی رووداو لە بەسرە بۆ رووماڵکردنی یارییەکە دەڵێت "لە هیچ شوێنێکی فەرمی بلیتی یارییەکە نەماوە و ئەوەی دەیەوێت بلیتی یارییەکەی دەستبکەوێت دەبێت لە بازاڕی رەشدا بیکڕێت و پارەیەکی زۆر زیاتریش لە سەری دەکەوێت."
 
حوسێن موسلیم، یەکێک لە فرۆشیارەکانی بلیتی یارییەکە بوو و دەڵێت "لە ماوەی دوو کاژێردا سەرجەم بلیتەکان فرۆشران، پشکی ئێمە هەزار بلیت بوو، دوێنێ هەمووی فرۆشرا."
 
عەمار محەممەد، هاندەری هەڵبژاردەی عێراقە و بە رووداوی گوت "راستگۆیانە بابەتی بلیتەکان، وەکو ئەوەی یەکێتی تۆپی پێ رایگەیاندبوو، بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەبەردەم یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتی دەفرۆشرێن، بەڵام وەکو ئەوەی بینیمان کۆمپانیاکان، زۆرینەی کۆمپانیاکان بلیتەکانیان قوڕخکردووە بۆ ئەوەی لە بازاڕی رەشدا بیفرۆشنەوە." 
 
هاندەرێکی کورد بەناوی ئەحمەد عەلی لە کەرکووکەوە چووەتە بەسرە بۆ ئەوەی بینەری ئەو یارییە بێت، بە رووداوی گوت "ئێمە رێگەیەکی دوورمان بڕیووە و نزیکەی 10 کاژێرمان بڕیووە و لە کەرکووکەوە هاتووین، بلیت نییە، چووینە لای یاریگە و لەوێش بلیت نەبوو، چەند کەسێک بلیتیان هەیە و دەڵێن دەیفرۆشینەوە، بلیتی 10 هەزاری بە 100 هەزار، 110 هەزار و 120 هەزار دەفرۆشنەوە."
 
هەڵبژاردەی لەسەر چیمەنی یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتی دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەکە دەڵێت "لەرووی جەستەیی و دەروونییەوە یاریزانەکان زۆربەباشی ئامادەن، پێویستیمان بە پاڵپشتیی هاندەران هەیە و بردنەوەی ئەم یارییە زۆر گرنگە."

 
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی پێنجەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیال بەڕێوەدەچێت، عێراق بەر لە یارییەکە 7 خاڵی هەیە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندە، ئوردن بە جیاوازیی گۆڵ لەگەڵ هەڵبژاردەکە پلەی دووەمی گرتووە ئەوەی یارییەکە دەباتەوە، نزیکتر دەبێتەوە لە گەیشتن بە رکابەرییەکانی مۆندیالی داهاتوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە