"کەس بۆی نییە درێسی مێسی بپۆشێت"

13-11-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2026
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاندەرانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، لە پۆشینی درێسی ئەفسانەی ژمارە 10ی هەڵبژاردەکەیان بێبەش دەبن، کاتێک روو لە پاراگوای دەکەن.
 
هەڵبژاردەی پاراگوای رۆژی هەینی داهاتوو، لەگەڕی 11ی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بەمۆندیالی 2026، میوانداریی ئەرجەنتینی پاڵەوانی جیهان دەکات. ئەگەرچی پێشبینیکراوە مێسی بەشداری لە یارییەکەدا بکات، بەڵام کەس بۆی نییە درێسی ئەو یاریزانە بپۆشێت.
 
یارییەکە لە یاریگەی 'دیڤینسۆریس دیل چاکۆ' دەبێت.
 
فێرناندۆ ڤیلاسپوا، بەڕێوەبەری تۆپی پێ لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی پاراگوای ئاشکرایکردووە، هیچ هاندەرێکی ئەرجەنتین ئەگەر درێسی مێسی بپۆشێت، لە یاریگەدا پێشوازی لێناکرێت.
 
ڤیلاسپوا گوتویەتی، ئەو هاندەرانەی درێسی مێسییان لەبەردایە، رێگەیان پێنادرێت بچنە نێو یاریگەی یارییەکەوە.
 
ئەو بەرپرسە، لە لێدوانی بۆ رادیۆی 'لارێدا' دەڵێ، "هەر هاندەرێک درێسی مێسی لە یانەکانی بارسێلۆنا، یان پاریس سانجێرمان یان ئینتەرمەیامی لەبەردابێت و ناوی مێسی پێوەبێت، بەهیچ شێوەیەک رێگەی چوونە ژوورەوەی لە یاریگە پێنادرێت".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "رێگە بەهیچ کەسێک نادرێت درێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، یان یانەکانی ئەرجەنتین یان هەر یانەیەکی دیکە بپۆشێت کە ناوی یاریزانانی وڵاتانی دیکەی پێوەیە.. ئێمە دەمانەوێت یاریگەکە بەرەنگی پاراگوای دابپۆشین تاوەکو یاریزانەکانمان هەست بەپشتگیری هاندەرانیان بکەن، چونکە هەموومان چاومان لەبردنەوەی ئەم یارییەیە".
 
پاراگوای پێشتر هەمان پرەنسیپی بەسەر هاندەرانی هەڵبژاردەی بەرازیلدا سەپاندبوو کاتێک لە 11ی مانگی نۆی ئەمساڵدا، هەڵبژاردەکەیان رووبەڕووی بەرازیل بووەوە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی داهاتوو.
 
ئەوکات پاراگوای رێگەی نەدا هیچ هاندەرێک درێسی ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی ریال مەدرید و بەرازیل بپۆشێت.
 
پاراگوای بیانووی بۆ بڕیارەکە ئەوەیە کە نایەوێت لە یاریگەدا دەمەقاڵە و مشتومڕ لە نێوان هاندەراندا دروست ببێت.
 
هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی براوەی مۆندیالی 2022، پێشەنگی ریزبەندی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشووری بۆ گەیشتن بەمۆندیالی داهاتوو گرتووە، بەکۆکردنەوەی 22 خاڵ لە دە یاریدا، لە کاتێکدا پاراگوای لە پلەی شەشەمی ریزبەندییەکەیە و 13 خاڵی هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە