ڤیدیۆ؛ ئامەدسپۆر پێشەنگی هەموو تۆپی پێی تورکیایە

 
رووداو دیجیتاڵ

پێشەنگی پێشەنگەکانی تۆپی پێی تورکیا، تاکە یانەیە لەسەر ئاستی هەموو خولە جیاوازەکانی تورکیا نەدۆڕاوە، ئامەدسپۆر چیرۆکی سەرکەوتنەکانی دەنووسێتەوە و لە راماڵینی رکابەرەکانی بەردەوامە.
 
تیپە کەسک و سوورەکەی باکووری کوردستان بەباشترین کاتەکانیدا تێدەپەڕێت، لە سەرەتای ئەم وەرزەوە بە ئاستێکی بەرزەوە دەستیپێکرد و چووە نێو رکابەرییەکان، ئێستاش دوای ئەنجامدانی 12 یاری، تاکە یانەیە لەسەر ئاستی خولی سوپەرلیگ، خولی پلە یەک و پلە دووی تورکیا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە.
 
ئامەدسپۆر سەرەڕای ئەو بەربەستە زۆرانەی دەخرێنە سەر رێگایەکەی، بەڵام لە بردنەوە و بەدەستهێنانی ئەنجامی باش بەردەوامە، سەرەڕای ئەوەی لە دوایین یارییدا بەرامبەر ئەرزنجان یەکسانبوو، بەڵام پارێزگاریی لە پێشەنگایەتیکردنی ریزبەندی کۆمەڵەی سووری خولی پلە دووی تورکیا کرد.
 
لە سوپەرلیگدا فێنارباخچە و گاڵاتەسەرای رکابەری لەسەر پلەی یەکەم دەکەن، هەریەکەیان یارییەکیان دۆڕاندووە، لە خولی پلە یەک ئەیوبسپۆر لە پێشەنگە و دوو یاریی دۆڕاندووە.
 
لە خولی پلە دوو دوو یانەی باکووری کوردستان لە کۆمەڵەی جیاواز پێشەنگی ریزبەندن، لە کۆمەڵەی سپی وان سپۆر یەکەمە، بەڵام یارییەکی دۆڕاندووە، لە کۆمەڵەی ئامەدسپۆر باشترین تیپە، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، خاوەنی 9 بردنەوە و سێ یەکسانبوونە و سێ خاڵ لە خاوەنی پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەوە دوورە.

 

 
یانەی ئامەدسپۆر لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا، رووبەڕووی کێشەی زۆر بووەتەوە، بەو هۆیەوە هاندەرەکانی لە یاریگەکانی دەرەوەی ئامەد نەیانتوانیووە پاڵپشتیی تیپەکەیان بکەن، هەر ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی هاندەرانی بایرن میونشنی ئەڵمانی بەبەرزکردنەوەی بانەرێک لە یاریی بەرامبەر گاڵاتەسەرای داوای هەڵگرتنی گەمارووی سەر یانەکەی باکووری کوردستان بکەن.
 
یانەکەی باکووری کوردستان تەمەنی 51 ساڵە، هەزاران هاندەر لە هەموو کوردستان بەگشتی و لە باکووری کوردستان بەتایبەتی چاوەڕوانی ئەوەن وەرزی داهاتوو کەسک و سوورەکان لە پلە یەکی تورکیا ببینن و لەوێشەوە بگاتە سوپەرلیگ و لە بەرزترین ئاستی تۆپی پێی تورکیادا یاریی بکات.
 
سەفەت ئازبای، شرۆڤەکاری وەرزشی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو پاڵپشتییەی لەم وەرزەدا هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆر لە یانەکە دەکەن، لە هەموو تورکیا و تەنانەت لە یانەکانی گاڵاتەسەرای و فێنارباخچەش نییە، ئەمە پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو دوای چەندین ساڵ جارێکی دیکەی یانەیەکی ئامەد لە خولی پلە یەکی تورکیا ببینین."

 
ئەو شرۆڤەکارە وەرزشییە متمانەی خۆی بە تیپی تۆپی پێی ئامەدسپۆر دووپاتکردەوە و دەڵێت "سەرۆکی یانەکە کەسایەتییەکی وەرزشییە، راهێنەری ئێستای ئامەدسپۆریش پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ یاریزانەکانی هەیە و ئەمەش کاریگەریی زۆری لەسەر تیپەکە دروستکردەوە."
 
یەکێک لەو یاریزانانەی لەم وەرزەدا لە خولی پلە دووی تورکیا لە کۆمەڵەی سوور باشترین ئاستی پێشکێشکردووە، گۆکهان ئاسلان، هێرشبەری یانەی ئامەدسپۆرە، یاریزانەکە لە 9 یارییدا بەشدارییکردووە، خاوەنی 5 گۆڵە و ئاسیستێکی هەیە، ئێستا لە پلەی دووەمی گۆڵکارانی کۆمەڵەی سووری خولی پلە دووی تورکیایە.