لێدوانی راهێنەران.. پێپ و پۆچێتینۆ بە ئەنجامی یارییەکەیان رازیبوون

13-11-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا ماوریسیۆ پۆچێتینۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای یاریی لووتکەی پرێمەرلیگ لە نێوان چێڵسی و مانچێستەر سیتی، کە بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 4-4 کۆتاییهات، راهێنەرانی هەردوو یانە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد و هەردووکیان بە ئەنجامی یارییەکە رازیبوون.
 
ئەمە پوختەی قسەکانی هەردوو راهێنەرەکەیە:
 
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی
 
 
دەکرا دۆخەکە باشتر بێت، بەڵام دەکرا خراپتریش بێت، ئەم ئەنجامە زۆر باشبوو بۆ پرێمەرلیگ. یارییەکی هاوسەنگ بوو، باشتر دەستیانپێکرد، لە یاریگەی خۆیاندا یارییان کرد، هەست دەکەیت بە کۆمەڵیک یاریزانی نوێوە شتێکی نوێ دروست دەکەن، بۆیە لەوانەیە ئەنجامەکانیان لە سەرەتادا باش نەبووبن، بەڵام بەڕاستی لە رووی کوالێتییەوە یارییەکی باشیان کرد، یارییەکی سەخت بوو، ئێمە ساتەکانی خۆمان هەبوو، ئەوانیش ساتەکانی خۆیان هەبوو. کاتێک ئەنجامەکە 3-2 بوو، ئێمە چانسی ئەوەمان هەبوو یەکلایی بکەینەوە، بەڵام  هەڵەکە ئەوەبوو کە یارییەکەمان نەکوشت، پاشان کە ئەنجامەکە بوو بە 4-3 بەختمان باشبوو، بەڵام دواتر نەمانتوانی بڕیاری باش بدەین. ئەوان ئەوەندە کوالێتییان هەیە بۆ ئەوەی واتلێبکەن نەتوانی بە ئاسانی بڕیار بدەیت. پێموایە ئەنجامەکە دادپەروەرانە بوو، هەردوو یانە بۆ بردنەوە یارییان کرد و ئەوەش روویدا.
 
لەبارەی تەوقە نەکردن لەگەڵ ماورێسیۆ پۆچێتینۆ؟ هیچ کێشەیەک نییە. نا، نا، نا، کێشە نییە. من نامەوێت باسی بکەم، هیچ کێشەیەک نییە، هەموو کەسێک هەستی هەیە، و ئەوە هەندێکجار بەسەرمدا دێت، بۆیە نامەوێت بە هەڵە تێبگەین، هەموو شتێک باشە.
 
ماورێسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری یانەی چێڵسی:
 
زۆر شت لە کاتی یارییەکەدا روویاندا وایانلێکردم شانازی بە تیپەکەم بکەم، چونکە شێوازی بەڕێوەبردنی یارییەکەمان بەڕاستی باشبوو. بێگومان هەمیشە شتگەلێک هەیە کە دەبێت باشتر بکرێن، بەڵام ئەوە بەشێکە لە پرۆسەکە، پرۆسەی دروستکردنی تیپ. ئەی وانییە؟ ئەوە پرۆسەیە کاتێک دەتەوێت پڕۆژەیەک لە سفرەوە دروست بکەیت. پێموایە ئەم جۆرە یارییانە بەڕاستی باشن. ئەم جۆرە ئەزموونانە و ئەم جۆرە یارییانە، بەشێکی زۆر لە یاریزانەکانمان و تیپەکەمان باشتر دەکەن، بەڵام ئێستا پێویستە سوودی لێوەربگرین بۆ داهاتوو.
 
سەبارەت بە تەوقەنەکردن لەگەڵ پێپ گواردیۆلا؟ بەڵێ دەمەوێت داوایلێبوردنی لێبکەم، چونکە لەو ساتەدا نەمبینی، سەرنجم لەسەر کارەکەم بوو، بۆیە دەمەوێت داوایلێبوردن لە پێپ بکەم.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە