ڤیدیۆ؛ یارییەکی شێتانە و ئەنجامێکی دادپەروەرانە لە نێوان چێڵسی و مان سیتیدا

رووداو دیجیتاڵ

لە یارییەکی شێتانە و پڕگۆڵدا، هەردوو یانەی چێڵسی و مانچێستەر سیتی خاڵەکانی یاریی لووتکەی گەڕی 12ـی پرێمەرلیگیان بە یەکسانی لەنێوان خۆیاندا دابەشکرد.
 
یارییەکە لەسەر یاریگەی ستامفۆرد بریدج لە لەندەن بەڕێوەچوو، و بە ئەنجامی یەکسانبوون بە 4-4 کۆتاییهات.
 
سەرەتا تیپی میوان دەستپێشخەر بوو، و ئێرلینگ هالاند لە خولەکی 25 سوودی لە لێدانێکی سزا وەرگرت و تۆڕی خاوەن ماڵی هەژاند.
 
دوای تەنیا 4 خولەک تیاگۆ سیلڤای بەرازیلی، بە لێدانێکی سەر گۆڵی یەکسانبوونەوەی ئەنجامەکەی تۆمارکرد.
 
رەحیم ستێرلینگی یاریزانی پێشووی مان سیتی، لە خولەکی 37 گۆڵی دووەمی یانەی لەندەنی تۆمارکرد.
 
مانوێل ئاکانجی، لە خولەکی 45+1 بەسەر گۆڵی دووەمی سیتی و یەکسانبوونەوەی تۆمارکرد.
 
دوو خولەک دوای دەستپێکردنی نیوەی دووەم، ئێرلینگ هالاند گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی سیتی تۆمارکرد، بەڵام لەندەنییەکان سووربوون لەسەر بەدەستهێنانەوەی یەکسانبوون و نیکۆلاس جاکسۆن لە خولەکی 67 ئەو کارەی کرد.
 
رۆدری لە خولەکی 86 گۆڵی چوارەمی مانچێستەر سیتی تۆمارکرد، بەڵام ئەمجارەش چێڵسی خۆی بەدەستەوە نەدا و کۆل پاڵمەر لە خولەکی 90+5 بە لێدانی سزا گۆڵی چوارەمی چێڵسی و یەکسانبوونی ئەنجامەکەی تۆمارکرد.
 
بەم ئەنجامە مانچێستەر سیتی بە کۆی 28 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندیی پرێمەرلیگدا مایەوە، لە کاتێکدا چێڵسی 16 خاڵی هەیە و گەیشتە پلەی دەیەمی ریزبەندی.