ئەمشەو سێریا ئەی گڕدەگرێت

13-11-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یوڤێنتوس لازیۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێک هەفتەیەک بەر لە مۆندیال، ئەمڕۆ لە ئیتاڵیا درێژە بە یارییەکانی گەڕی 15ـی سێریا ئەی دەدرێت، کە دوێنێ ناپۆلی پێشەنگبوونی خۆی دووپاتکردووەتەوە، دوای ئەوەی 3-2 لە ئۆدینێزی بردەوە.
 
ئەمڕۆ 6 یاری بەڕێوەدەچن، کە لە یارییەکی گرنگدا، رۆمای پایتەخت بە سەرکردایەتی جۆزێ مۆرینیۆ دەچێتە شاری تۆرینۆ بۆ رووبەڕووبوونەی تۆرینۆ، کە بێگومان ئەرکی ئاسان نابێت، بەو پێیەی یانەکەی پایتەخت لە دۆخێکی سەقامگیردا نییە و لە دوایین دوو یارییدا نەیتوانیوە سەرکەوتن بەدەستبێنێت و لە دوایین 4 یارییدا تەنیا 4 خاڵی کۆکردووەتەوە، لە کاتێکدا تۆرینۆ لە دوایین 4 یارییدا سێیانی بردووەتەوە.
 
مۆرینیۆ دەبێت جارێکی دیکە رێگەی سەرکەوتن بدۆزێتەوە و بە هاندەرانی رۆما بڵێت ئەم دۆخە خراپەی یانەکەیان کاتییە و دەتوانن بگەڕێنەوە سەر رێگەی سەرکەوتنەکان.
 
لە یارییەکی دیکەی گرنگدا، میلان بەنیازی بردنەوە و کورتکردنەوەی مەودای نێوان خۆی و ناپۆلی، میوانداری فیۆرێنتینا دەکات و بێجگە لە بردنەوە هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە، چونکە ستیفانۆ پیۆلی و یاریزانەکانی باش دەزانن کە لەدەستدانی خاڵەکانی ئەم یارییە واتا ئاڵۆزبوونی ئەرکەکەیان بۆ رکابەریکرن و بەرگریکردن لە نازناوەکەیان.
 
میلان 30 خاڵی هەیە و بەجیاوازی گۆڵ لەگەڵ لازیۆ کەوتووەتەوە پلەی سێیەم، ئەگەر نەتوانێت لە فیۆرێنتینای دەیەم بباتەوە، ئەوە واتای خۆبەدەستەوەدانە لە بەرامبەر ئینتەرمیلان و یوڤێنتوسیش، کە ئەوانیش رکابەری راستەوخۆینە لەسەر پلەی سێیەم. بەڵام نابێت ئەوش لەبیربکەین کە فیۆرێنتینا لە دوایین 3 یارییدا لە سێریا ئەی 9 خاڵی بەدەستهێناوە و ئەمجارەش بەنیازی بردنەوە یاری دەکات، ئەگەرچی رکابەرەکەی میلانیش بێت.
 
لە یاریی لووتکەی ئەم گەڕەدا، یوڤێنتوس لەسەر یاریگەی خۆیدا میوانداری لازیۆ دەکات.
 
یوڤێ کە 28 خاڵی هەیە و لە پلەی چوارەمە، دەیەوێت لە راپەڕینەکەی بەردەوام بێت و بۆ شەشەم یاری بەسەریەوەکەوە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بەتایبەتیش کە ئەگەری هەیە ئەم بردنەوەیە بیگەینێتە پلەی دووەم، یان لانیکەم پلەی سێیەم، بەڵام لازیۆش کە بە 30 خاڵ دووەمە، لە دۆخێکی باشدایە و لە دوایین 4 یارییدا 3 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و نایەوێت لە رکابەریکردنی ناپۆلی بوەستێت.
 
ماسیمیلیانۆ ئالێگری، تیپەکەی لە هەموو روویێکەوە ئامادەیە بۆ بردنەوەی ئەم 3 خاڵە گرنگە، تاکە کێشەی ئەوەیە کە لەم یارییەدا لە تواناکانی هێرشبەرە گۆڵکارەکەی، دوسان ڤلاهۆڤیچ بێبەش دەبێت، کە لە رووی توانای جەستەییەوە ئامادە نییە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە