ڤیدیۆ؛ کەریم بنزیما ئەمشەو یاریدەکات؟ دیشامپ وەڵامدەداتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

دیدێ دیشامپ، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، سوورە لەسەر ئەوەی ئەمشەو یارییەکەیان لە بەرامبەر کازاخستان ببەنەوە و بلیتی راستەوخۆی مۆندیال وەربگرن، دەشڵێت "کازاخستان نە بلجیکایە نە ئیسپانیا".
 
ئەمشەو لە درێژەی یارییەکانی پاڵاوتنی ئەوروپا بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر، هەڵبژاردەی فەرەنسا لە یارییەکی گرنگی کۆمەڵەی چوارەمدا، کاژێر 22:45 بە کاتی میوانداری هەڵبژاردەی فەرەنسا دەکات، ئەگەر پاڵەوانانی جیهان ئەو یارییە ببەنەوە، بلیتی یەکەمی کۆمەڵەکەیان بۆ مۆندیال وەردەگرن.
 
دیدێ دیشامپ، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی "ئێمە دەمانەوێت لەم یارییەدا سەرکەوتنمان بۆ مۆندیال یەکلاییبکەینەوە، بردنەوەی نەیشنلیگ هیچ گرەنتییەکمان پێنادات، هەڵبژاردەی فەرەنسا سەلماندوویەتی کە لە رووی هزرییەوە بەهێزە و یاریزانەکانمان هەمیشە ئامادەن".
 
ئەو لەبارەی سێکوچکەی هێڵی هێرشبردنیشی قسەی کرد و گوتی "لە هێڵی پێشەواماندا لێکتێگەیشتنێکی باش لەنێوان هەرسێ هێرشبەر، کیلیان ئێمباپێ و کەریم بنزیما و ئانتوان گریزماندا دا هەیە".
 
دیشامپ زیاتر گوتی "لە یۆرۆی 2020ـدا بەرامبەر سویسرا بۆ ماوەی 10 خولەک لێکتێنەگەیشتمان نەما، بەڵام پێش و دوای ئەو 10 خولەکە هەمانبوو. لەو یارییەدا و دواتریش لێکتێگەیشتنێکی باش لەنێوان ئەو سێیانەیەدا هەبوو".
 
راهێنەری هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکان دووپاتیشیکردەوە کە دەیانەوێت هێڵی پێشەوە باشتر بکەن، ئینجا باسی کازاخستانی کرد و گوتی "کازاخستان هەمان هێزی بەلجیکا یان ئیسپانیای نییە، مەبەستم کەمکردنەوە نییە لە رکابەرەکەمان، بەڵام دەبێت لەم یارییەدا ئەرکی خۆمان جێبەجێبکەین و بگەینە ئامانج".
 
سەبارەت بە گەڕانەوەی کەریم بنزیما لە پێکان و ئەگەری بەشداریکردنی لەم یارییەدا، دیشامپ گوتی "نامانەوێت سەرکێشی بە کەریم بنزیماوە بکەین، کەریمیش دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو هەڵوێستانەدا بکات، کە کێشەیەکی جەستەیی بچووکی لەگەڵ ریال مەدرید هەبوو، هیوادارین ئامادەبێت بۆ یارییەکە".