ڤیدیۆ؛ یاریزانێكی باسکە تەمەنی 16 ساڵە و باڵای 219 سانتیمەترە

رووداو دیجیتاڵ

بێگومان هەڵەی نەکردووە کە یاری باسکەی هەڵبژاردووە، ئەو تەمەنی تەنیا 16 ساڵە، بەڵام درێژی باڵاکەی 219 سانتیمەترە، ئەو ڤیکتۆر وێمبانیاما، کە ئێستا بەو تەمەنە بچووکەوە بە پەڕجووی باسکەی فەرەنسا دەناسرێت.
 
لە رووی زانستییەوە وێمبانیاما هێشتا کاتی لەپێشە بۆ ئەوەی باڵایەکەی درێژتر ببێت، بۆیە خەونەکەی رەوایە کە دەیەوێت ببێتە باشترین یاریزان لە خولی باسکەی ئەمریکا و جیهانیش.

مایک شمیتز، کە یەکێکە لە پسپۆرانی پڕۆژەی پێگەیاندنی یاریزانانی باسکە لە ئەمریکا، لەبارەی وێمبانیاماوە دەڵێت "بەچاوپۆشین لە تەمەنەکەی، ئەو گەورەترین پڕۆژەی پێگەیاندنی یاریزانێکی باسکەیە لە جیهاندا، 3 ساڵ بەسەریدا تێپەڕیوە کاتێک دۆزەرەوانی خولی ئەمریکی بەدواداچوونیان بۆ وێمبانیاما دەکرد، ئەو بێجگە لە بەرزی باڵاکەی، لەنێو یاریگەشدا بەشێوەیەکی باوەڕپێنەکراو دەجووڵێت، چەندین سیفەتی هونەریی جیاکەرەوەی هەیە".

باسکال دۆنادیۆی راهێنەری وێمبانیاما لەبارەی پەڕجووەکەی فەرەنساوە دەڵێت "ئەو توانا و هونەرێکی سەرسوڕهێنەری هەیە لە یاریکردن، پاس دەدات بێئەوەی سەیربکات، بە ئاسانی یاری بە یاریزانی بەرامبەر دەکات، لەنێو یاریگەشدا بینینێکی زۆر باشی هەیە".

ڤیکتۆر وێمبانیاما لە شاری شیسنای فەرەنسی لەدایکبووە، کە 20 کیلۆمەتر لە پاریسی پایتەخت دوورە، سەرەتا هەوڵیدا ببێتە گۆڵپارێزی تۆپی پێ، هەروەها ماوەیەک خەریکی یاری جۆدۆ بوو، بەڵام هەمیشە باسکە بژاردەی یەکەمی بووە.

ئەو ئەستێرە بچووکە لە خانەوادەیەکی وەرزشی گەورە بووە، دایکی یەکێک بوو لە ئەستێرەکانی یاری رەگبی، باوکیشی پاڵەوانی پێشبڕکێکانی خۆهەڵدانی درێژبوو، هەموو براکانیشی وەرزشوانن و بەشداری لە خول و پاڵەوانێتییە وەرزشییەکاندا دەکەن.

ڤیکتۆر وێمبانیاما دەیەوێت خەونە گەورەکەی بکاتە راستی و ببێتە باشترین یاریزانی باسکە لە ئێن بی ئەی و جیهانیشدا، ئایا ئەوەی پێدەکرێت؟ وەڵامەکەی بە بەڵێ نزیکتر و رەواترە لە نەخێر.