ڤیدیۆ؛ گەڕی هەشتەمی باسکەی یۆرۆلیگ بەڕێوەچوو

13-11-2020
هێژا خەسرەو
.
.
نیشانەکردن یۆرۆلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە خولی باسکەی یۆرلیگدا و لە گەڕی هەشتەمدا، یانەکانی ئۆڵیمپیاکۆس، ماکابی تێل ئێڤیڤ، سێسکا مۆسکۆ و بارسێلۆنا بردنەوەیان تۆمارکرد.

لە یاری یەکەمدا تیمی ئۆڵیمپیاکۆس لە نێو یاریگای خۆیدا پێشوازی لە تیمی ئەلبا بەرلین کرد و دوای پێشکێشکردنی ئاستێکی بەرز یارییەکەی بە ئەنجامی 75 خاڵ بەرامبەر 71 خاڵ لێبردەوە، ئەمەش بە سوود وەرگرتن لەو خاڵە زۆرانەی کە لە چارەگی سێیەمدا تۆماریکردن.

ئێستا لە خولەکەدا ئۆڵیمپیاکۆس پێنج بردنەوە و سێ دۆڕانی هەیە، ئەلبا بەرلینیش پێنج دۆڕان و دوو بردنەوەی هەیە.

باشترین یاریزانی یارییەکەش شاکێل میکسیچ بوو لە تیمی ئۆڵیمپیاکۆس بە تۆمارکردنی 14 خاڵ و سێ پاسی یەکلاکەرەوە.

لە یارییەکی دیکەدا تیمی ماکابی تێل ئێڤیڤ بردنەوەیەکی ئاسانی بەسەر تیمی زالگرێس کاوناس بەدەستهێنا.

یانە ئیسرائیلییەکە زۆر بەهێزەوە دەرکەوت و یارییەکەی بە ئەنجامی 85 خاڵ بەرامبەر 57 خاڵ بردەوە، ئەستێرەی یارییەکەش تایلەر درۆسی بوو لە ماکابی کاتێک لە یارییەکەدا 16 خاڵی تۆمارکرد و بووە هۆکاری بردنەوەی تیمەکەی.

تیمی سێسکا مۆسکۆی رووسی بە پێشکێشکردنی ئاستێکی بەرز یارییەکی زەحمەت و بە جیاوازییەکی کەم بردەوە.

یاری تیمە رووسییەکە بەرامبەر باسکۆنیا بوو هەردوو تیم بە درێژایی یارییەکە لە رکابەرییەکی بەهێزدابوون، لە کۆتاییدا سێسکا یارییەکەی بە ئەنجامی 89 خاڵ بەرامبەر 86 خاڵ بردەوە.

ئەستێرەی ئەم یارییە دارون هیلیارد بوو لە تیمە رووسییەکە و 31 خاڵی تۆمارکرد و یارمەتی تیمەکەیدا لە سەرکەوتن لە یارییەکەدا.

لە دوایین یاریشدا تیمی بارسێلۆنا شکستێکی گەورەی دووچاری فەنارباخچە کرد و لە نێو یاریگای خۆیدا بە ئەنجامی 97 خاڵ بەرامبەر بە 55 خاڵ لێی بردەوە.

بردنەوەی ئەم یارییەی بارسا بە سەرکردایەتی کایل کۆریچ بوو کە بە تەنیا 25 خاڵی تۆمارکرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە