رووداو - هەولێر
سانتیاگۆ سۆلاری، راهێنەری کاتی یانەی ریال مەدرید لە وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە بەشێوەیەکی هەمیشەیی نزیکبووەتەوە، دوای ئەو ئەنجامە باشانەی لەگەڵ یانەکە بەدەستیهێناون، لەو کاتەوەی ئەو پۆستەی وەرگرتووە.
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید بە راهێنەری یانەکەی راگەیاندووە، کە لەم هەفتەیەدا لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ کۆبوونەوەیەک دەربارەی داهاتووی یانەکە ئەنجامدەدەن، دوای ئەو بردنەوەیان کە بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ لە لالیگادا بەدەستیانهێنا بە 4-2.
سەرچاوە نزیکەکانی یانەی ریال مەدرید رایانگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا کە بڕیارە چەند کاژێری داهاتوو ئەنجامبدرێت، پێرێز بڕیاریی گۆڕانکاری لە کاری سۆلاریی 42 ساڵدا دەدات و بەشێوەیەکی هەمیشەیی دەکرێتە راهێنەری یانەکە و مووچەکەشی زیاددەکرێت، کە وەک رۆژنامەی ئەی ئێس دەڵێت، پێدەچێت تاوەکو 2022 گرێبەست لەگەڵ سۆلاری بکرێت.
میدیای ئیسپانیا، ئەوەشی راگەیاندووە، سۆلاری بەبێ هیچ داواکارییەک پێشوازی لە دەستەوارەی ریال مەدرید دەکات، پێش هەموو شتێکیش بیر لە ئەنجامەکانی یانەکە دەکاتەوە.
لەو کاتەوەی سانتیاگۆ سۆلاری بووەتە راهێنەری ریال مەدرید، یانەکە 4 یاریی لەسەریەکی بردووەتەوە، دوو یاریی لە لالیگا، یارییەک لە جامی شا و یارییەکیش لە چامپیۆنزلیگدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ