ڤیدیۆ؛ سینێر پاڵەوانێتی شەنگەهای بردەوە و ریکۆردێکی مێژوویی تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

یانیک سینێری ئیتاڵی، سەرنجی هەمووانی راکێشا و نازناوی پاڵەوانێتی تێنسی شەنگەهای بردەوە، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا سەرکەوتنی بەرامبەر نۆڤاک جۆکۆڤیچی سێربی بەدەستهێنا.
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی تێنسی شەنگەهای لە چین، یانیک سینێری ئیتاڵی و نۆڤاک جۆکۆڤیچی سێربی رووبەڕووی یەکبوونەوە.
 
لە کۆمەڵەی یەکەمدا هەردوو تێنسزانەکە ئاستێکی بەرزیان پێشکێشکرد، تێنسزانە ئیتاڵییەکە لە تای برێکدا بە حەوت شەش پێشکەوت.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا، سینێر درێژەی دایە ئاستە بەرزەکەی و ئاستی جۆکۆڤیچ دابەزی، یەکەمی ریزبەندی جیهان ئەو کۆمەڵەیەی بە شەش چوار تەواوکرد و بە دوو کۆمەڵەی بێبەرامبەر و لە ماوەی کاژێرێک و 17 خولەکدا نازناوەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە و بووە پاڵەوان.
 
یانیک بە وەرزێکی نایابدا تێدەپەڕێت و لەم وەرزەدا 7 نازناوی بردووەتەوە و ئەمە سێیەم نازناوی ماستەرزە لەم وەرزەدا بەدەستیدەهێنێت، دوای بردنەوەی نازناوی مەیامی و سینسیناتی.

 
یانیک سینێر لە تەمەنی 23 ساڵی و 58 رۆژیدا بووە بچووکترین تێنسزان نازناوی پاڵەوانێتی شەنگەهای بباتەوە، بەمەش پێش رافایێل نادال کەوت کە لە 2009 لە تەمەنی 22 ساڵی و 334 رۆژیدا نازناوەکەی بردبووەوە.
 
لە یارییەکە رۆجێر فێدێرێر، ئەستێرەی بەنێوبانگی سویسری و پێشووی یارییەکە لە یاریگەدا ئامادەبوو.

 
تێنسزانە ئیتاڵییەکە بەبردنەوەی ئەم نازناوە هەزار خاڵ لە ریزبەندی گشتی تێنسزانانی جیهان وەردەگرێت و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی باشترین تێنسزانەکانی جیهاندا شوێنی خۆی بەهێزتر کرد.