ئەوەی بارسێلۆنا لێیدەترسا روویدا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لامین یامال پێکانی یاریزانان
A+ A-
رووداو دیجیاڵ

 

لە یاریی ئیسپانیا و دانیمارکدا، ئەوە روویدا کە بەرپرسان و هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا لێیدەترسان و ئەستێرەی یانەکەیان تووشی پێکان بوو.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، رۆژنامەڤانان لە لویس دی لافوێنتی، راهێنەری لارۆخایان پرسی، پشوو بە لامین یامال نادەی؟ لەبەرئەوەی زۆر یاری کردووە و ماندووە؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی "لامین ساڵانە 70 یاری بۆ بارسێلۆنا دەکات، کەچی مانگێ یەکجار کارم پێیەتی، بۆیە دەبێت بارسا پشووی پێبدات".
 
لەدوای یارییەکە، لامین بینراوە کە بەشەلەشەل دەڕوات و سەرچاوەکانی نزیک لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە کە یاریزانەکە تووشی پێکان بووە، ئەمەش بەرپرسان و هاندەرانی یانەی کەتەلۆنی تووڕەکردووە، چونکە دەڵێن، ئەوان پێشتر لافوێنتییان ئاگادارکردووەتەوە لە مەترسی پێکرانی ئەستێرەکەیان.
 
لویس دی لافوێنتی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە، وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە کە بەهۆی پێکانی لامین یامالەوە ئاراستەیان کردووە.
 
یەکێک لە رۆژنامەڤانان پرسیارێکی لە راهێنەری ئیسپانیا کرد، سەبارەت بەو توندوتیژییە زۆرەی یاریزانانی دانیمارک بەرامبەر لامین یامال بەکاریانهێنا؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی "لامین یامال یارییەکی ناوازە دەکات و یاریزانی بەرامبەر سەرلێشێواو دەکات، هەمیشە یەکێک لە هاوڕێکانم پێیدەگوتم، چاوەڕێی چی لە نەیارانت دەکەیت، بێن ماچت بکەن؟!".
 
ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، یاریزانی بەرامبەر دەتوانێت هەموو ئامرازەکانی لە چوارچێوەی یاسا دیاریکراوەکاندا بەکاربهێنێت، پەیوەندی بە تۆقاندن و بەریەککەوتنەوە هەیە بەرامبەر بەو یاریزانانەی تۆپی پێ کە خاوەنی بەهرەیەکی لەو شێوەیەن، ئەمە شتێکی کۆنە.
 
لە کۆتاییدا راهێنەری ئیسپانیا، گوتیشی "ئەمە یاسای تۆپی پێیە، دەبێت راهاتبێت و دۆخەکە بخوێنێتەوە و بڕیار بدات کەی تۆپەکە زوو وەردەگرێت، هەروەها ناوبژیوانانیش دەبێت لە کاتی گونجاودا بڕیاری خۆیان بدەن"..
 
بەپێی میدیای ئیسپانیا، بارسێلۆنا چاوەڕێی ئەوە دەکات بارودۆخی یامال لەلایەن ستافی پزیشکیی هەڵبژاردەی ئیسپانیاوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا هیچ پێکانێکی هەیە یان نا.
 
بارسێلۆنا هەفتەیەکی قورسی لەپێشە، کە رۆژی یەکشەممە 20ـی تشرینی یەکەم بەرامبەر سێڤییا لە لالیگا یاری دەکات، پێش ئەوەی رۆژی چوارشەممە 23ـی ئۆکتۆبەر بەرامبەر بایرن میونشن لە چامپیۆنزلیگ یاری بکات. دوای سێ رۆژی دیکەش لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە کلاسیکۆی لالیگادا، رووبەڕووی رکابەرە تەقلیدییەکەی ریال مەدرید دەبێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە