دوای نیوکاسڵ محەممەد بن سەلمان دەیەوێت یانەیەکی گەورە بکڕێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە، دوای تەواوکردنی کارەکانی کڕینەوەی زۆرینەی پشکەکانی یانەی نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزی، چاوی لە کڕینەوەی یانەیەکی گەورەی ئیتاڵیایە.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیتاڵیا، سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە، بەسەرۆکایەتی محەممەد بن سەلمان، کاردەکات بۆ ئەوەی یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی بکڕێتەوە، دوای ئەوەی کارەکانی کڕینەوەی یانەی نیوکاسڵیان تەواوکرد.
 
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەری کاڵچیۆ مێرکاتۆ، محەممەد بن سەلمان، ئامادەیە یەک ملیار یۆرۆ بۆ کڕینەوەی زۆرینەی پشکەکانی یانە ئیتاڵییەکە بداتە گرووپی کۆمپانیاکانی سونینگی چینی کە خاوەنداریەتی یانە ئیتاڵییەکە دەکات.
 
پێشتریش سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە هەوڵی کڕینەوەی یانەی ئینتەرمیلانیاندابوو، بەڵام کۆمپانیای سونینگ ئامادەنەبوو دەستبەرداری یانەکە ببێت.
 
هەوڵەکانی سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە بۆ کڕینەوەی یانەی ئینتەرمیلان لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو زۆرینەی پشکەکانی یانەی نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزیان کڕییەوە، یانەی ئینتەرمیلان لە بارودۆخێکی ئابووری خراپدایە و بەو هۆیەشەوە ئەنتۆنیۆ کۆنتی، راهێنەری پێشووی یانەکە و پاڵەوانی وەرزی رابردووی سێریا ئەی و چەند یاریزانێکی لەدەستدا.
 
جگە لە سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە، سندووقی بی سی پارتێنەرسی بەریتانیش گرنگی بە کڕینەوەی یانەی ئینتەرمیلان دەدا و پێشتر گفتوگۆی لەگەڵ کۆمپانیای سونینگ دەکرد، بەڵام هەردوولا لەسەر بڕی پارەی پێشنیازکراو لەلایەن بەریتانییەکانەوە رێکنەکەوتن.
 
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە کڕینەوەی یانەی نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزیی لە مایک ئاشلی بەرامبەر 300 ملیۆن پاوەند راگەیاند، کە 14 ساڵ ئاشلی خاوەنداریەتی یانەکەی دەکرد.