پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2020.. هۆڵەندا و ئەڵمانیا لەسەر پێشەنگ رکابەری دەکەن

13-10-2019
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یۆرۆی 2020
A+ A-

رووداو - هەولێر

رکابەرییەکانی گەیشتن بە یۆرۆی 2020 بەردەوامیان هەیە، ئەمڕۆ چەند یارییەکی دیکە بەڕێوەدەچن و دوو هەڵبژاردەی بەهێزیش رکابەری لەسەر پێشەنگی کۆمەڵەکەیان دەکەن.

کاژێر 16:00 سەرەتای یارییەکانی ئەمڕۆ بەرووبەڕووبوونەوەی هەردوو هەڵبژاردەی کازاخستان و بەلجیکا دەستپێدەکات، لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی نۆیەمدا، بەلجیکا وەک یەکەم هەڵبژاردە بە کۆکردنەوەی 21 خاڵ گەیشتووەتە یۆرۆ، کازاخستانیش لە پلەی چوارەمە بە 7 خاڵ.

کاژێر 19:00 هەڵبژاردەی هۆڵەندا، پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەی سێیەم بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر هەڵبژاردەی بیلارووس یارییدەکات.

هۆڵەندییەکان بەبردنەوەی ئەم یارییە بەشێوەیەکی کاتی بەجیاوازیی سێ خاڵ پێش هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەکەون، بێلارووسیش جگە لە سەرکەوتنێکی مەعنەوی بردنەوەی ئەم یارییە بۆ ئەوان هیچ گرنگییەکی نییە، چونکە تەنیا 4 خاڵیان هەیە و لە پلەی چوارەمن.

لە یارییەکی دیکەی ئەو کۆمەڵەیدا، هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکە، کە هەمان ژمارەی خاڵەکانی هۆڵەندای هەیە، بەڵام بەجیاوازی گۆڵ لە پلەی دووەمە، لەدەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ئیستونیا یارییدەکات، ئەم یارییەش کاژێر 21:45 لە تالینی پایتەختی ئیستونیا بەڕێوەدەچێت.

هەڵبژاردەی کرواتیا لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی پێنجەمدا، بەرامبەر هەڵبژاردەی وێلز یارییدەکات، لەو یارییەدا کە کاژێر 21:45 بەڕێوەدەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە