بەفەرمی تێری هێنری کرایە راهێنەری مۆناکۆ


رووداو - هەولێر

بەفەرمی تێری هێنری، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا وەک راهێنەری یانەی مۆناکۆی فەرەنسی دەستنیشانکرا.

مۆناکۆ دەستنیشانکردنی تێری هێنریی لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی بڵاوکردووە و تاوەکو ساڵی 2021 راهێنەرایەتی یانەکە وەردەگرێت و جێگەی لیۆناردۆ جاردیم دەگرێتەوە کە بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی یانەکە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.

تێری هێنری رۆژی دووشەممەی داهاتوو لەگەڵ یانەکە دەستبەکاردەبێت هەریەکە لە جواو کارلۆس ڤالادۆ، راهێنەری تیپی بەنفیکای خوار 23 ساڵ و پاتریک کوامی ئامبادۆ، کە پێکەوە لە ئەکادیمیای ئارسیناڵ کاریانکردووە لەگەڵ راهێنەرەکە دەبن.

تێری هێنری 41 ساڵ دوای وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانە فەرەنسییەکە دڵخۆشی خۆی پێشاندا و گوتی دەمەوێت سوپاسی مۆناکۆ بکەم بۆ پێدانی ئەو هەلە بە من و گوتیشی زۆر دڵخۆشم بەگەڕانەوە بۆ مۆناکۆ و گوتیشی سوورم لەسەر رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو تاقیکردنەوانەی دێنە پێشەوە.