دەزانی بۆچی کانتێ 10 ساڵە مۆبایلەکەی نەگۆڕیوە؟!

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئینگۆلۆ کانتێ مۆبایل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئینگۆلۆ کانتێ، یاریزانی هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی ئیتیحاد جددەی سعودیە، هێمای بەها و خۆنەویستییە لە جیهانی تۆپی پێدا، بەو پێیەی ژیانێکی سادە بەباشتر دەزانێت لە ژیانێک کە دەستکراوەیی و زیادەخەرجی تێدایە. ئەو ژیانەکەی بە قورسی نەگرتووە و هەندێک جیاوازتر سەیری ژیان دەکات.
 
یاریزانە فەرەنسییەکە لە دەرەوەی یاریگە بە کەسێکی ئارام و لەسەرخۆ ناسراوە و لەنێو یاریگەشدا خاوەنی دیسیپلین و تاکتیکە، بە "مێش هەنگوین" ناسراوە بەهۆی ئەو چالاکییەی لەنێو یاریگەدا هەیە و دەتوانێت بەوپەڕی لێزانی تۆپ لە بەرامبەرەکانی بدزێت.
 
تێڕوانینی سادەی کانتێ بۆ ژیان دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی پەروەردەکەی، سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی مالی لە رۆژئاوای ئەفریقا، بەڵام دایک و باوکی لە ساڵی 1980 کۆچیان کردووە بۆ فەرەنسا بۆ گەڕان بەدوای ژیانێکی باشتردا، ئینگۆلۆش کوڕە گەورەکەیانە و چوار خوشک و برای هەیە.
 
ئینگۆلۆ کانتێ، کاتێک تەمەنی 11 ساڵ بووە، باوکی کۆچی دوایی کردووە، لەو کاتەوە هەستی بەرپرسیارێتی بەرامبەر خێزانەکەی و هەڵگرتنی بارگرانییە سەختەکانی ژیان لە ناخیدا پەرەی سەندووە، چونکە ئەمە کاریگەرییەکی گەورەی دەروونی لەسەری بەجێهێشتووە.
 
کانتێ لە ناوچەی رویل - ماڵمایسۆن گەورە بووە، و دەستی کردووە بە کاری پاککەرەوە لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی بتوانێت بژێوی خێزانە هەژارەکەی بکات، کە رۆژانە دەیان کیلۆمەتر بەپێ دەڕۆیشت بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەی گەڕەکەکەی رۆژهەڵاتی پاریس و فرۆشتنی بە کۆمپانیاکانی ریسایکلکردن.
 
پاشان لە ساڵی 1998 دەستی بە یاری تۆپی پێ کرد، لەو کاتەوە چیرۆکەکەی لەگەڵ نێوبانگ و پارە دەستیپێکرد، بەڵام سەرەڕای ئەمەش کانتێ هەر بەو گەنجە ئینگۆلۆیە مایەوە کە ژیانی خۆی وەک پاککەرەوە و زبڵ کۆکەرەوە دەستپێکرد، پارە تێڕوانینی سادەی بۆ ژیان نەگۆڕی.
 
 

10 ساڵ بە هەمان مۆبایل
 
کانتێ خووی بەشێوازێکی ژیان گرتووە کە جیاوازە لە ژیانی زۆربەی کەسایەتییە ناودارەکان. ئەو جلوبەرگێک لەبەردەکات کە دوورە لە براندە بەنێوبانگەکان، و پێی باشترە پشووەکان لە ماڵەوە بەسەرببات و دوور لە دوورگە و یانە شەوانەکان و ژیانی پڕ لە ژاوەژاو.
 
کانتێ خاوەنی ئۆتۆمبێلێکی مینی کوپەرە کە لە ساڵی 2015ـەوە بە بەکارهێنراوی کڕیوە کاتێک یاری بۆ لێستەر سیتی دەکرد، تەنانەت هاوڕێی پێشووی یانەی چێڵسی ئەنتۆنیۆ رودیگێری لەو بارەیەوە، دەڵێت "هەموو شتێک لەگەڵ کانتێ راستەقینەیە، ئەوە تەنیا ئۆتۆمبێلێکە، بەڵام مانایەکی قوڵی هەیە".
 
سەیرترین چیرۆک سەبارەت بە کەسایەتی کانتێ، ئەوەیە کە هاوڕێکەی پێشووی کای هاڤێرتز ئاشکرایکردووە، کاتێک رایگەیاند کە کانتێ ماوەی 10 ساڵە هەمان مۆبایل بەکاردەهێنێت و نەیگۆڕیوە، چونکە هیچ هۆکارێکی نەدۆزیوەتەوە بۆ گۆڕینی مۆبایلەکە بەمەرجێک بەباشی کاربکات.
 
یاریزانە ئەڵمانییەکە، زیاتر دەڵێت "من زۆر کەسایەتی جیاوازم ناسیوە، ئینگۆلۆ کانتێ یەکێکە لەوانە، بێدەنگ و خۆبەکەمزان و خاکییە، گرنگی بە شتە دیار و بریقەدارەکان نادات، دەزانێت ژیان تەنیا تۆپی پێ نییە، هەمان مۆبایلی هەبووە بۆ ماوەی 10 ساڵ. گرنگی بە ئۆتۆمبێل نادات، گرنگی بە جل و بەرگ نادات".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، هاڤێرتز دەڵێت "ناتوانی بڕیار لەسەر خەڵک بدەیت لەسەر خەرجکردن، ئەگەر ئەوە دڵخۆشیان بکات من گرنگی پێنادەم. لەوانەیە ئەوانیش لە ناخی خۆیاندا کەسانی باش بن، تەنیا بیانەوێت دڵخۆش بن، هەندێکجار لەوانەیە ئەوە جۆرێک بێت لە پاراستن". 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە