ڤیدیۆ؛ ئەڵمانەکان و بەرازیلییەکان دڵی هاندەرانیان خۆشکردەوە

13-09-2023
ئیحسان تاهیر
نەیمار و مولەر
نەیمار و مولەر
نیشانەکردن بەرازیل ئەڵمانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە نێو رۆژانی یارییە نێودەوڵەتییەکان و هەوڵدانی هەڵبژاردەکان بۆ دەرکەوتن بەباشترین ئاست و پەڕینەوە بۆ پاڵەوانێتییەکانی داهاتوو، دوو هەڵبژاردەی گەورە، بەناو و نازناو و مێژوو، لە دۆخی ئاوارتە و نائاساییدا یارییەکانی خۆیان لە چوارچێوەی پاڵاوتنەکان و یاریی دۆستانەدا ئەنجامدا.
 
بەرازیلییەکان کە تاوەکو ئێستا بە پێنج نازناوی مۆندیالەوە لە لووتکەی جیهاندان، دوای مشتومڕ و چاوەڕوانییەکی زۆر خۆیان لەسەر راهێنەری نوێی هەڵبژاردەکەیان لە پاش تیتێوە بەوە یەکلاکردەوە کە تاوەکو هاوینی داهاتوو چاوەڕێی هاتنی کارلۆ ئەنچیلۆتی بکەن.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، لەگەڵ ئەنچیلۆتی گەیشتە رێکەوتن بۆ ئەوەی هاوینی داهاتوو لەسەر کورسیی یەدەگی سیلیساو بێت، بۆ ئەو قۆناخەش کە تێیدا هەڵبژاردەکە ناچارە چەند یارییەکی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ گەیشتن بە مۆندیال ئەنجام بدات، ئەرکی سەرپەرشتیکردنی پاڵەوانی 2002ی جیهان بە فێرناندۆ دینێز درا.
 
دینێز لە دوو یاریی پاڵاوتنەکاندا سەرپەرشتی بەرازیلی کرد و لە یاریی یەکەمدا بە پێنج گۆڵ لە بۆلیڤیای بردەوە، بەڵام لە یاریی دووەمدا لەبەرامبەر پێرۆ، دووچاری زەحمەتیی بووەوە و تا دوا خولەکەکان، بردنەوە زەحمەتەکەی مسۆگەر نەکرد.
 
رۆدریگۆ یاریزانی هەڵبژاردەی بەرازیل، گوتی "دەمانزانی ئەرکمان قورسە لە یارییەکەدا، چونکە ئەوان تیپێکی ئامادە و بەهێزیان هەیە، بەڵام گرنگ ئەوەبوو ئێمە باش یارییمان کرد. دوو گۆڵمان تۆمارکرد، دەکرا لە گێمی یەکەمدا گۆڵی زیاتر بکەین، بەڵام یەکێکیان رەتکرایەوە. گرنگ بردنەوەکە بوو، گرنگ ئەوەبوو کە باش یارییمانکرد و دەکرێ باشتر ببین. ئەمە سەرەتایە لەگەڵ راهێنەرێکی نوێدا کە بیرۆکەی نوێی هەیە، ئێمە بیرۆکەکانی فێرناندۆ دینێزمان بەدڵبوو، دڵنیام ئێمە باشتر دەبین".
 
فێرناندۆ دینێز گەرچی روون نییە لە دوای هاتنی کارلۆ ئەنچیلۆتی لە کوێی هەڵبژاردەی بەرازیل دەبێت، بەڵام لانیکەم دڵنیایی ئەوەیدایە هەڵبژاردەکە و هاندەرەکانی کە لێبڕاوانە لە کارەکەی دەڕوانێت و دوورنییە ئەگەر ئەنجامە باشەکان بەردەوام بن و هاتنی ئەنچیلۆتی وەکئەوەی هەندێک سەرچاوە باسی دەکەن، کێشەی تێبکەوێت، ئەوکات خۆی ببێتە راهێنەری جێگیری هەڵبژاردەکە و لە پۆستەکەیدا بۆ کۆپا ئەمێریکای داهاتوو بمێنێتەوە.
 
گەورەیەکی دیکەی جیهان کە بەهەمان دۆخی ئاوارتە و نادڵنیاییدا گوزەر دەکات، ئەڵمانیایە کە خۆی بۆ میوانداریکردنی یۆرۆی داهاتوو ئامادە دەکات.
 
مانشافت هەفتەیەکی لێوانلێو لە گۆڕانکاری و بێئومێدی و نادڵنیایی تێپەڕاند، شکستی گەورە بەرامبەر ژاپۆن بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، هەرزوو پردی ئارامی نێوان هاندەران و هانزی فلیکی راهێنەری رووخاند و ئەو راهێنەرە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. ئەرکی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردەکە بە رۆدی ڤۆلەری ئەستێرەی پێشووی ئەڵمانیادرا بۆ ئەو یارییە دۆستانە گرنگەی دەبوو ئەڵمانیا و فەرەنسا لەسەر یاریگەی سیگناڵ ئیدۆنا پارک کۆبکاتەوە.
 
ڤۆلەر هەرزوو ئاڵای ئاڵنگاریی بەرزکردەوە و توانی شەوێکی نموونەیی لەگەڵ هاندەرانی هەڵبژاردەکەدا بەسەر ببات کاتێک بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک شکستی بەفەرەنسییەکان هێنا.
 
ئەوەی بۆ ڤۆلەر گرنگبوو، جیا لە بردنەوەکە، گەڕانەوەی رۆح و ویستی بردنەوە و جۆشوخرۆشی یاریزانانی ئەڵمانیا بوو کاتێک درێسە سپییەکەی ناسیۆنال مانشافتیان پۆشی، ئەو دڵخۆشییەی یاریزانەکان بەبردنەوەکە پێشانیدا و ئەو جۆشوخرۆش و تینوێتییەی ڤۆلەر لەسەر کورسیی یەدەگەوە دەیبەخشییەوە، ئومێدی ئەوەی هێناوەتە ئاراوە ئەڵمانەکان دۆخە نەخوازراوەکەی خۆیان تێپەڕێنن و بەرلەوەی کارلەکار بترازێت، هەڵبژاردەیەکی باش و ئامادە ببەنە یۆرۆ، جا بەسەرپەرشتی ڤۆلەر بێت وەک راهێنەری کاتی، یان راهێنەرێکی جێگیر کە بتوانێ ماوەیەکی زۆر بەهۆی سەرکەوتن و دەستکەوتەکانییەوە لەگەڵ مانشافت بەردەوام بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە