ڤیدیۆ؛ بوومەلەرزەکەی مەغریب سەلماندییەوە کە تۆپی پێ پەیامی ئاشتی و مرۆڤایەتییە

رووداو دیجیتاڵ

یاریی دۆستانەی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی مەغریب و بۆرکینا فاسۆیە، لە شاری لانسی فەرەنسا، یاریزانانی مەغریب بە دڵێکی پڕەوە بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەی وڵاتەکەیان دەوەستن، هاوڕێکانیشیان لە بۆرکینا فاسۆ بۆ دڵدانەوە و پێشاندانی هاوخەمیان پاڵپشتیی مەغریبییەکان دەکەن.
 
رێزگرتن لە قوربانیانی بوومەلەرزەکە و نزاکردن بۆ چاکبوونەوەی بریندارەکان، هەر بە وەستان لە یاریگەدا کۆتایی نەهات.
 
هەزاران هاندەر کە بۆ سەیرکردنی ئەو یارییە چوونە یاریگە، بەر لە چوونیان بۆ سەر پەیژەکان، هەڵوێستێکی سەرنجڕاکێش و مرۆڤانەیان پێشاندا و هەریەکە و بەپێی توانای خۆی کەل و پەلی پێویست بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە پێشکێشدەکات.
 
ئۆم کەلسووم شاگار، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ALED، گوتی "ئەمە هەلێکی نایاب بوو، بۆیەش لەگەڵ نوێنەرانی هەردوو هەڵبژاردە و شارەوانیی لانس هاوئاهەنگی کرا، بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین هاوکاری کۆبکەینەوە، ئەوان بانگهێشتیان کردین بۆ ئەوەی پاڵپشتیان بکەین، روونە کە ئێمە ئەوەمان قبوڵکردووە".
 
هاوکارییەکان هەمەجۆرن، هەیە جل و بەرگی داناوە، هەندێکیان پێخەفیان پێشکێشکردووە، ئەوەشی کە کەل و پەلی نەهێناوە لە رێگەی بڕێک پارەوە هاوکاریی سندووقی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان دەکات.
 
بوومەلەرزە بەهێزەکەی مەغریب، هەر یاریزانان و وەرزشوانانی ئەو وڵاتەی دڵتەنگ نەکرد، لە سەرجەم یارییەکانی ئەم هەفتەیەی پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024 و یارییە دۆستانەکاندا، یاریزانان خولەکێک بۆ رێزگرتن لە قوربانیان وەستان و جارێکی دیکە دووپاتکرایە کە تۆپی پێی بەر لەوەی رکابەری بێت، پەیامی ئاشتی و مرۆڤایەتییە.