ڤیدیۆ؛ ئەو راهێنەرانەی لە هەفتەی فیفادا لێهاتوویی خۆیان سەلماند

13-09-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
لافوێنتی و مارتینێز
لافوێنتی و مارتینێز
نیشانەکردن هەفتەی فیفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گەرێکی دیکە لە یارییەکانی فیفا بە پاڵاوتن و دۆستانەوە تێپەڕێن و گەڕەکە بووە ساتێکی دیکە بۆ هەڵوەستەکردن لەسەر توانا و لێهاتوویی هەندێک راهێنەری نوێی هەڵبژاردە جیاوازەکان، کە هێشتا لای هاندەرەکانیان لە قۆناخی تاقیکردنەوە و نادڵنیاییدان.
 
یارییەکانی هەڵبژاردەکان، لە نێوان پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024 و مۆندیالی 2026 و یاریی دۆستانەدا بەڕێوەچوون و بەشێک لە راهێنەرە نوێیەکان، لێهاتوویی خۆیان دووپاتکردەوە و دڵنیایی زیاتریاندا لەوەی ئەوەی لە ماوەی کەمی رابردوودا بەدەستیان هێناوە، بەرهەمی رێکەوت نییە و بەرهەمی کاری بەردەوامە.
 
ئیسپانییەکان کە لە دوای مۆندیالەوە متمانەیان بەخشییە لویس دی لافوێنتێ تاوەکو بەشێک لە خەمی شکستهێنانێکی دیکەی هەڵبژاردەکەیان لە مۆندیال لە کۆڵ بنێت، لەم گەڕەی پاڵاوتنەکاندا گەرچی یارییەکانی بەرامبەر رکابەرانی ئاست نزمبوون، بەڵام بردنەوە گەورەکانی ئەو هەڵبژاردەیە لە جۆرجیا بە حەوت گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک و لە قوبرس بە شەش گۆڵی بێبەرامبەر، جارێکی دیکە لێهاتوویی ئەو راهێنەرەی دووپاتکردەوە.
 
دی لافوێنتێ بەئەزموونێکی زۆرەوە لە هەڵبژاردەکانی لاوانی ئیسپانیا هات، هەرزوو لارۆخای گەیاندە یەکەم نازناوی نەیشنسلیگ لە مێژوویدا، بەڵام ئەو دەستکەوتە بەجۆرێک لە بەرهەمی کاری راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەکە لێکدرایەوە، وەلێ دی لافوێنتێ ئەمجارە دووپاتیکردەوە ئەو دەتوانێ زۆر لەوە گەورەتر بۆ ئیسپانیا بەدەست بهێنێت، کە لێی چاوەڕوانکراوە.
 
لە نێو گەورەکانی ئەوروپادا، رۆبێرتۆ مارتینێز لە گەڕی ئەمجارەی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بەیۆرۆی 2024، دووپاتیکردەوە ئەزموون و وانەی زۆر لە ساڵانی کارکردن لەگەڵ بەلجیکییەکان فێربووە و ئێستا دەتوانێ کاری گەورە لەگەڵ پۆرتوگالدا ئەنجام بدات.
 
مارتینێز کە لە دوای مۆندیالەوە سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردەی پۆرتوگالی پڕ لە ئەستێرە و یاریزانی باشی وەرگرتووە، هەرزوو بە رێزلێنانی تایبەت لە کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانە و هێشتنەوەی بە کاپتنی هەڵبژاردەکە، بۆ هەمووانی دووپاتکردەوە کە رێزی ئەو یاریزانانە دەگرێت کە ساڵانێکی بەرچاو بەرلەهاتنی ئەو بۆ پۆرتوگال، خزمەتی هەڵبژاردەکەیان کردووە.
 
مارتینێز لە دوای شەش یاریی لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆ، بەشەش بردنەوە پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە و ئەوەی جێگەی سەرنجە پۆرتوگال 24 گۆڵی تۆمارکردووە، بەبێئەوەی هیچ گۆڵێکی لێبکرێت.
 
کارە نوێیەکەی دۆمینیکۆ تۆدیسکۆی راهێنەری لاوی ئیتاڵی لەگەڵ بەلجیکا خەریکە دەبێتە مایەی گەشبینی بۆ هاندەرانی هەڵبژاردەکە. ئەو راهێنەرە سی و هەشت ساڵە لە دوای دەستبەکاربوونی بەماوەیەکی کەم، یەکەم یاریی خۆی لەگەڵ بەلجیکا بەسەرکەوتن بەسەر سوێد دەستپێکرد. لەم گەڕەی پاڵاوتنەکانیش درێژەی بە ئەنجامە باشەکانیدا و دوو یاریی لەسەریەکی لە ئازەربایجان و ئیستۆنیا بردەوە.
 
ئەوەی لە هەمووان زیاتر دڵخۆشبوو لە دوا شەوی پاڵاوتنەکانی ئەمجارەی یۆرۆدا، ئیتاڵییەکان بوون، پاشئەوەی تەپوتۆزی گومان و نادڵنیاییان لە خۆیان تەکاند و یارییەکی باشیان بەرامبەر ئۆکراینا ئەنجامدا و بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.
 
ئیتاڵییەکان بەمێژوویەکی گەورە و ناوازەوە لە پاڵاوتنەکانی ئەمجارەدا کەوتنە نێو دۆخێکی نەخوازراوەوە و یەکەم شکستیان بەرامبەر ئینگلتەرا، ئازۆری خستە بەردەم دووڕیانی مان و نەمان. بەڵام کاتێک رۆبێرتۆ مانچینی راهێنەر دەستی لە مەشقدانی هەڵبژاردەکە هەڵگرت، بەشی هەرە گەورەی ئەو نادڵنیایی و ترسەی بۆ لۆچیانۆ سپالێتی میراتگری لە مەشقدانی هەڵبژاردەکە بەجێهێشت.
 
سپالێتی لەم گەڕەی پاڵاوتنەکاندا دەبوو بڕیار لە مردن یان لەژیاندا مانەوەی ئیتاڵیا بدات و ئەو راهێنەرە بەئەزموونە، گەرچی لەبەردەم مەسەدۆنییەکاندا دووچاری رووگیرییەکی زۆر بوو کاتێک لەگەڵیاندا یەکسانبوو بەبێ گۆڵ، توانی شەوەکەی نێو جۆسێپی میاتزا و میوانداریکردنی ئۆکراینای بەخۆشوخرۆش لەبەرژەوەندی خۆی یەکلا بکاتەوە و ئەوەش هاندەرانی هەڵبژاردەکەی خستە سەر ئاوازی دڵنیاییەکی زیاتر.
 
راهێنەرە نوێیەکان، لاپەڕەیەکی دیکەی سەرکەوتنیان نووسییەوە، ئەمە سەرەتایەکی باشبوو بەر لە یەکلابوونەوەی چارەنووسی هەمووان بۆ گەیشتن بەیۆرۆی داهاتوو، بەڵام لە پاش ئەو هەنگاوە، ئەرکە راستەقینەکە و تاقیکردنەوە گەورەکە، لەسەر خاکی ئەڵمانیا و لە یۆرۆی داهاتوو دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە