ڤیدیۆ؛ بەرازیل سەرکەوتنێکی زەحمەتی بەدەستهێنا

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی بەرازیل سەرکەوتنێکی دیکەی لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 بەدەستهێنا و ئەمجارە لە هەڵبژاردەی پێرۆی بردەوە.
 
یارییەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە یاریگەی ناسیۆنال دێ لیما لە پایتەختی پێرۆ بەڕێوەچوو و سیلیساو یارییەکەی زۆر بە زەحمەت بردەوە.
 
لەنیوەی یەکەمی یارییەکەدا، سەرەڕای هەوڵەکانی هەردوو هەڵبژاردە، یارییەکە هیچ گۆڵێکی بەخۆیەوە نەبینی و نیوەی یەکەم بە ئەنجامێکی سپی کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا، بەرازیل درێژەیدایە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی گۆڵێک تۆماربکات، بەڵام گۆڵ تۆمارکردن تاوەکو دوایین خولەکی یارییەکە دواکەوت، کاتێک لە خولەکی 90 مارکینیۆس بەلێدانی سەر گۆڵێکی بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل تۆمارکرد.
 
سامبا یارییەکەی بەو تاکە گۆڵە بردەوە و دووەم سەرکەوتنی لەسەریەکی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا بەدەستهێنا و بووە خاوەنی شەش خاڵ و بەجیاوازیی گۆڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، لە پێشەنگی ریزبەندی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشوورە.

 



یارییەکانی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 دوای ئەنجامدانی دوو گەڕی یارییەکان لە ئەمریکای باشوور تاوەکو مانگێکی دیکە دەوەستن، رۆژی 13ـی مانگی داهاتوو بەرازیل لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمدا میوانداریی هەڵبژاردەی ڤێنزوێلا دەکات.