ڤیدیۆ؛ یانەی هەولێر مەترسییەکی گەورەی لەسەرە و تەنیا 48 کاژێری لەبەردەمە

 

رووداو دیجیتاڵ

راهێنەرێک 495 ملیۆن دیناری لای یانەی هەولێرە و ئەگەری لە ماوەی 48 کاژێری داهاتوودا پارەکەی نەدرێت، یانەکە بۆ خولی پلە یەکی عێراق دادەبەزێت، ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی یانەکەش دڵنیایی دەداتە هاندەرانی یانەکە.
 
یانەی هەولێر بەهۆی ئەو کێشەیەی لەگەڵ ئەیوب ئودیشۆ، راهێنەری پێشووی یانەکەی هەیەتی لە بارودۆخێکی ئاڵۆزدایە و ئەگەر 395 ملیۆن دینار، نەداتە ئەو راهێنەرە ئەگەری هەیە یانەکە نەتوانێت بەشداری لە خولی یانە نایابەکانی عێراق بکات.
 
ئەو پارەیەی ئەیوب ئودیشۆ لای یانەی هەولێر ماویەتی، هی ئەو کاتەیە کە وەک راهێنەر لەگەڵ یانەکە کاریدەکرد، لە ساڵی 2013 تاوەکو 2015، راهێنەرە عێراقییەکە سکاڵای لەسەر یانەی هەولێر کردووە و ئەگەر یانەکە پارەی راهێنەرەکە نەدات، یانەکە دادەبەزێنرێتە خولی پلە یەکی عێراق.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ماوەیەکی زۆرە یانەی هەولێر پەیوەندی بە راهێنەرەکەوە دەکات، بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ بارودۆخەکە بدۆزنەوە، دوایینجار سەرۆکی یانەکە بڕیاردابوو بچێتە ئەنتالیای تورکیا بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەیوب ئودیشۆ کۆببێتەوە، کە بۆ کەمپی راهێنانی یانەی زەورا لەوێن، بەڵام لە دوایین هەوڵدا ئودیشۆ وەڵامی پەیوەندییەکانی وەلید عارەب، سەرۆکی یانەکەی داوەتەوە.
 
هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەیوب ئودیشۆ، بە سەرۆکی یانەی هەولێری گوتووە، لەو پارەیە خۆشنابم و بەمافی خۆمی دەزانم کە هەمووی وەربگرم، سەرۆکی یانەکەش پێیگوتووە، خانووەکەمت بۆ دەفرۆشم، بەڵام راهێنەرەکە بەمە رازی نییە و ئامادەیە هاوکاریی هەولێر بکات لە دواخستنی وادەی وەرگرتنی پارەکەی، بەڵام دەیەوێت هەر چۆنێک بێت هەمووی وەربگرێتەوە.
 
تەها قادر، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر میوانی پانۆرامای وەرزشیی رووداو بوو و لەبارەی سکاڵای ئەو راهێنەرەوە گوتی " ئەو قەرزەی کە ئێستا هەیە، کەڵەکەبووی ساڵانی پێشوویە و ئەو بەڵێنانەی کە پێشتر بە کارگێڕیی پێشوو درابوون بەهۆی هاتنی شەڕی داعشەوە جێبەجێنەکران، بەمەش یانەکە رووبەڕووی کێشەی زۆر بووەوە، کە تەنیا قەرزی ئەیوب ئودیشۆ نییە، بەڵکو تاوەکو ئێستا شەش بۆ حەوت کێشەی وامان چارەسەرکردووە، پرسی جەلیل زیدان، یەکێک لەوانە بوو کە 110 ملیۆن دیناربوو و چارەسەرمانکردووە، جگە لەوەش چەند شوێنێکی دیکە وەک هۆتێل و کۆمپانیای فرۆکەوانی هەبوون و چارەسەرکراون."
 
تەها قادر زیاتر گوتی " کاتێک سەردانی لیژنەی تەراخیسی سەر بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقمانکرد، هەموو مەرجێکمان تێدابوو، بەڵام تەنیا قەرزی ئەیوب ئودیشۆ لەسەر یانەکە بوو، کە دەبێت تاوەکو 15ـی ئەم مانگە قەرزەکەی بدرێتەوە، وەلید عارەب سەرۆکی یانەی هەولێر و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێریش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لەسەر هێڵن و بەڵێن دەدەینە هاندەرانی یانەی هەولێر کە لە ماوەی ئەم یەک دوو رۆژەدا کێشەکە چارەسەر دەکەین."
 
ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر بە رووداوی گوت " ئەگەر پێش کاژێر 12:00ـی شەوی 15ـی مانگ پارەکە نەدەین، ئەوا یانەی هەولێر بۆ خولی پلە یەکی عێراق دادەبەزێت، بەڵام پشت بەخوا، بە پاڵپشتی سەرۆکی یانەکە کێشەکە چارەسەر دەکەین، نازانم چەندی ئەو پارەیەمان هەیە کە لەسەر یانەکەیە، بەڵام پارەکە زۆر زۆرە و پێویستیمان بە یارمەتییە."
 
تەها قادر لە وەڵامی ئەوەی کە کێ بەرپرسە لەم بارودۆخە بە رووداوی گوت " پێش دەستبەکاربوونمان دەمانزانی کە هەولێر قەرزی لەسەرە، هەموو ئەو قەرزانەشی لەسەر یانەکەن هی ساڵانی پێشووە و قەرزی دیکەش لەسەر یانەکەن کە هەمووان قەرزەکانیان لە 200 ملیۆن دینار زیاترە، هەموو ئەو قەرزانەشی لەسەر یانەکەن هیچیان هی کاتی کارکردنی کارگێڕیی ئێستای یانەکە نین."
 
ئەو بەرپرسەی یانەی هەولێر لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە دەڵێت " ئێمە لە یانەی هەولێر 3 بۆ 4 ملیار دینار قەرزارین، هەمووشی قەرزی پێشووە، ئێمە لە کاتی دەستبەکاربوونمان تاوەکو ئێستا قەرزاری کەس نین، هەموو ئەوانەشی کە قسەمان لەگەڵیان کردووە، دەڵێن قەرزەکانیان هی سەردەمی شەڕی داعشە."
 
لەبارەی ئەوەی داواکارییان چییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان؟ ئەندامی کارگێڕیی یانەی هەولێر دەڵێت " پارێزگاری هەولێر کە سەرۆکی شانازیی یانەکەیە ئاگاداری هەموو وردەکارییەکان و نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش کەمتەرخەمیی نەکردووە و پشتبەخوا کێشەکان چارەسەر دەکەین و هەولێر بەشداری لە خولی نایابی عێراقدا دەکات، بەڵێن بە هاندەران دەدەین لە وەرزی نوێی خولی عێراقدا ژمارەیەکی قورس دەبێت و کێشەکان چارەسەر دەکەین."