سبەی هەڵبژاردنی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

سبەی سێشەممە کاژێر 11ی بەیانی، هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە هۆتێل بابل لە شاری بەغدا ئەنجامدەدرێت.

یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی بەهۆی ئاشکرابوونی گەندەڵی لە کارەکانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، دوو ساڵە راستەوخۆ دەستەیەکی کاتیی بۆ یەکێتییەکە دەستنیشانکردووە، دەستەی کاتی بە پاڵپشتی فیفا پەیڕەوی ناوخۆیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقی نوێکردەوە و کارەکانی هاوتای رێنماییەکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا و جیهان کردەوە.

وا چاوەڕواندەکرێت رکابەرییەکی بەهێز لەسەر وەرگرتنی پۆستەکانی سەرۆک، جێگری یەکەم و دووەم لەگەڵ 10 کورسی ئەندامێتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق رووبدات، 26 کەس خۆیان بەربژێر کردووە.

بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، عەدنان درجال ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق و وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق بەربژێرێکی بەهێزە و وەرگرتنی شەرەفی میوانداریکردنی جامی کەنداو لە بەسرە و پاڵپشتی بەردەوامی بۆ هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق هاوکارێکی باشی ئەون بۆ بەدەستهێنانی دەنگەکان، بەڵام شەڕار حەیدەر رکابەرییەکی بەهێزی درجالە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یەکێتییەکە، پێشتر شەڕار کاری لە نێو یەکێتییەکەدا کردووە. 

عەلی جەبار کاندیدێکی بەهێز و بێ رکابەری وەرگرتنی جێگری یەکەمی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقە، یونس مەحموود گۆڵکار و ئەستێرەی باڵکێشی هەڵبژاردەی عێراق بەربژێرە بۆ ئەوەی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆک وەربگرێت.

ئەحمەد کۆچەر، ئەندامە کوردەکەی دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی، رایگەیاند " ئامادەکارییەکی زۆر باشمان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن کردووە، راستەوخۆ یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی و ئاسیا چاودێری کارەکانمان دەکەن و نوێنەر و چاودێرانی خۆیان ناردووە و لەگەڵمانن بۆ ئەوەی بەبێ بوونی هیچ کاریگەرییەک کارەکان بەشێوەیەکی زۆر پاک و جوان بەڕێوەببەین".

لە هەرێمی کوردستان هەریەک لە تەها زاخۆی لە شاری زاخۆ، گۆڤەند عەبدولخالق مەسعود لە شاری هەولێر لەگەڵ دکتۆر دیار لە شاری سلێمانی بەربژێرن بۆ وەرگرتنی پۆستی ئەندامێتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، پێشتر عەبدوڵڵا مەجید سەرۆکی یانەی وەرزشی هەولێر بەربژێری وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆک بوو، بەڵام دواتر پاشەکشەی خۆی لە هەڵبژاردن راگەیاند. 

یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە 1948 دامەزراوە بارەگای سەرەکی لە شاری بەغدایە، لە دوای دامەزراندنییەوە 21 کەس سەرۆکایەتی یەکێتییەکەیان کردووە، عەبدولخالق مەسعود تاکە کوردە لە مێژووی وەرزشیی هەرێمی کوردستاندا پۆستی سەرۆکایەتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقی وەرگرتووە.