" مارسێلۆ ریال مەدرید جێدەهێڵێت "

رووداو - دیجیتال 

پێدەچێت ئەم هاوینە کۆتایی بە چیرۆکە دوورودرێژەکەی ریال مەدرید و مارسێلۆ بێت و ئەو یاریزانە بەرازیلییە ریزەکانی یانەی شاهانە جێبهێڵێت.

بەپێی میدیاکانی ئیسپانیا و هەواڵەکانی بازاڕی گواستنەوەی ئەمڕۆ، مارسێلۆی بەرازیلی و بەرگریکەری باڵی چەپی یانەی ریال مەدرید لەم هاوینەدا یانەکەی جێبهێڵێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە شوێنی لە پێکهاتەی سەرەکیدا نەماوە و بە نۆرە لەگەڵ فێرلان مێندیدا یاری دەکەن.

ئێستا لە یانەی ریال مەدرید جگە لە مارسێلۆ و مێندی، سێرخیۆ ریگیلۆنیش هەیە، کە وەرزی رابردوو ئەستێکی ناوازەی لەگەڵ یانەی سێڤییا پێشکێشکرد و توانی نازناوی یۆرۆپالیگ بباتەوە، بەڵام ئەم یاریزانە لەلایەن زیدانی راهێنەرەوە پەسەند نییە و بە ئاشکرا پێیگوتووە کە لەم وەرزەدا ئەگەر بییەوێ لە ریال مەدرید یاری بکات ئەوا چەند خولەکێکی کەم یاری پێدەکات، ئەمەش یاریزانەکەی نیگەران کردووە.

ریال مەدرید نایەوێ هیچ گرێبەستێک کە بۆ ریگیلۆن دێت رەزامەندی لەسەر بدات تاوەکو داهاتووی مارسێلۆ یەکلانەبێتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت کە مارسێلۆ نایەوێ لە ریال مەدرید بەردەوامبێت.

رۆژنامەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە هێشتا هیچ یانەیەک بەفەرمی گرێبەستی بۆ مارسێلۆ نەناردووە، بەڵام ئەگەر نیازی رۆیشتنی هەبێت، ئەوا یانەی گەورە چاویان لە توانای ئەوە، لە نموونەی یوڤێنتوسی ئیتالی کە دوو وەرزە داوای دەکات.

مارسێلۆی تەمەن 32 ساڵان، ماوەی 14 ساڵە لە یانەی ریال مەدریدە و لەگەڵ ئەو یانەیەدا 22 نازناوی بردووەتەوە کە چواریان چامپیۆنزلیگن.