کۆنتی بەڵێنێکی گەورە بە سانچێز دەدات

 

رووداو-هەولێر

ئەنتۆنیۆ کۆنتی راهێنەری یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی، بەڵێن بە ئەلێکسیس سانچێزی یاریزانی نوێی یانەکە دەدات، کە بەهەموو شێوەیەک هاوکاری و پاڵپشتیی بکات، تاوەکو ئاستی راستەقینە پێشکەش بکات و بگەڕێتەوە لووتکەی ئاستبەرزی.

لە میرکاتۆی هاوینە، ئەلێکسیس سانچێز بەشێوەی خواستن بۆ ماوەی ساڵێک لە یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزییەوە، پەیوەندیی بە یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵییەوە کرد، دوای ئەوەی لە یانەی مانچێستەر نەتوانی خۆی بسەلمێنێ و لە 32 یاریی کە بەشداریی کردووە، تەنیا 3گۆڵی بۆ یانە ئینگلیزییەکە تۆمار کردووە.

لە نوێترین لێدوانێکیدا دەربارەی ئاستی سانچێز، کۆنتی راهێنەری ئینتەرمیلان گوتی "سانچێز یاریزانێکی بەهێزە. لە رابردوودا ئەوەی سەلماندووە کە ئەستێرەیەکی نایابە، ئێمە پێویستە هاوکاری و پاڵپشتی بکەین، تاوەکو ئەوەی لە مانچێستەر لەدەستیدا، لە ئینتەر بتوانێ قەرەبووی بکاتەوە و بگەڕێتەوە لووتکەی ئاستبەرزی".

هەروەها کۆنتی زیاتر گوتی "من سانچێزم دەویست، چونکە دەزانم چ یاریزانێکی نایابە، ئەو لە سەرەتادا لە بیرۆکە و ئامانجی ئێمە تێنەگەیشت، بەڵام ئێستا لەگەڵ ئێمە هەست بە دڵخۆشییەکی زۆر دەکات، ئێستا  بۆ سانچێز کاتی بەدەستهێنانەوە متمانەیە، ماوەیەکی باش لەگەڵ ئێمە مەشقوڕاهێنانی کردووە، بۆیە پێویستە ئامادەبێت بۆ ئەوەی هاوکاریمان بکات لە یارییەکانی ئەم وەرزەدا".