لە هەولێر ئەکادیمیایەکی تۆپی پێی منداڵان بەسەرپەرشتی ئیسپانییەکان دەکرێتەوە

رووداو هەولێر

سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، جێبەجێکردنی پڕۆژەی خەون لە سەرەتای مانگی شوباتی ساڵی 2025 لە شارەکانی بەغدا، هەولێر و بەسرە لە هەنگاوی یەکەمدا جێبەجێدەکات.
 
ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە کردنەوەی 3 ئەکادیمیای تۆپی پێی منداڵان لەو شارانەی کە دیاریکراون، کارەکان لەژێر سەرپەرشتی شارەزایانی ئیسپانییە کە بەرنامە و پلانی کارگێڕیی و هونەری دەدەنە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە شاری بەغدا یەکەم کۆبوونەوەی تایبەت بە کردنەوە و هەنگاونان بۆ پڕۆژی خەون ئەنجامدا، عەدنان درجال سەرۆکی فیدراسیۆنەکە بە ئەندامان و سەرۆکی لقی شارەکانی راگەیاند "ئەم پڕۆژەیە لەلایەن کەسانی شارەزای ئیسپانییەوە، کە دێنە بەغدا سەرپەرشتی دەکرێت، دواتر سەردانی شارەکانی هەولێر و بەسرە دەکەن، داواتان لێدەکەم 17 کەسی ئاستبەرز و خاوەن بڕوانامەی ئەی ئاسیای بۆ بەڕێوەبردنی ئەکادیمیاکان ئامادە بکەن".
 
درجال زیاتر روونیکردەوە "دەمەوێت لە چەند ساڵی داهاتوودا بناخەی نەوەیەکی نوێ دروستبکەین و چەند یاریزانێکی بەهرەمەند دروستبکەین، دەبێت عێراق خاوەنی یاریزانی تەمەن بچووکی باش بێت، لەبەرئەوەی جامی جیهانی بۆ ئاستی تازەپێگەیشتووان بووەتە ساڵانە کە پێشتر دوو ساڵ جارێک بوو".
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، داوایکرد هەموو یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەبێت 4 تیپی ئاستەکانی تەمەنیان هەبێت، یانە نایابەکان 3 تیپ، بۆ ئەوەی دیاردەی ساختەکردنی تەمەنی یاریزانان لە خول و پاڵەوانێتییەکاندا نەمێنێت و یاریزانی تەمەن بچووک زۆربن.
 
بڕیارە سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، سەردانی ئەو 3 شارە بکات کە پڕۆژەی خەونی تێدا دەکاتەوە، لە نزیکەوە سەردانی یاریگە و شوێنەکان دەکات، داراییەکی باش بۆ نۆژەنکردنەوە و پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکانی دابینکراوە.
 
بێستون ئەکرەم، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی لقی هەولێر، کە لە کۆبوونەوەی کردنەوەی پڕۆژەی خەون بەشداربوو، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "کارێکی گەورە و گرنگە کردنەوەی ئەکادیمیای تایبەت بە دروستکردنی یاریزانی تەمەن بچووک، ئامادەکاریی دەکەین بۆ تەرخانکردنی یاریگەی تایبەت و شوێنی کارەکانی ئەکادیمیای خەون".
 
لە هەولێر پڕۆژەی هەدەف کە دەکەوێتە رێگای نێوان هەولێر ـ موسڵ تایبەتە بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، کە لە دوو یاریگەی گەورە و شوێنی کارگێڕیی و مانەوەی یاریزانانی تێدایە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق داوای لە لقی هەولێر کردووە راپۆڕتێک لەسەر کەموکوڕییەکانی ئامادە بکات و دەست بە نۆژەنکردنەوەی بکرێت.
 
یەکەمجارە لە مێژووی عێراقدا پڕۆژەیەکی فراوان بۆ دروستکردنی یاریزانی تەمەن بچووک جێبەجێدەکرێت، کارلۆس رۆدریگزی ئیسپانی سەرپەرشتی پڕۆژەی خەون دەکات کە رەزامەندی فیفا لەسەر چالاککردنی یاریزانی تەمەن بچووک لە عێراق وەرگیراوە.
 
ساڵێکە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لەگەڵ دەستەی لالیگای ئیسپانی کاردەکات، لە هەنگاوی یەکەمدا خولی ئەستێرەکانی عێراق بەشێوەیەکی جیهانی بەڕێوەبردرا، کە بەپێی دوایین ئامار لەسەر ئاستی هەموو عێراق زیاتر لە هەزار یاریزان ناوییان تۆمارکراوە، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەیەوێت ژمارەکە لە دوو ساڵی داهاتوو بۆ سێ هەزار یاریزان بەرز بکاتەوە و بەشێکی زۆری یاریزانەکانیش منداڵ بن.