رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی دەستەی گشتی بەڕێوەبردنی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکی گرنگ دەدرێت.
سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانە بەشدارەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە بەغدان و ئێستا لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبردنی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە کۆبوونەوەدان.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، سەرەتا بڕیاربوو یانەکان 180 ملیۆن دینار بۆ بەشداریکردن لە خولەکەدا بدەن، بەڵام یانەکان لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە ئەو پارەیە نەدەن و نادرێت.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدرێت، لەسەر ئەوەی کە براوەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ وەرزی نوێ چەند پارە وەکو خەڵاتی دارایی وەردەگرێت.
هەروەها بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەردوو یاریی پلەی ئۆف و پلەی ئاوت لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لادەبرێت.
جگە لەوەش بڕیارە، 400 ملیۆن دینار وەکو مافی پەخشی تەلەڤزیۆنی بدرێتە هەر یانەیەکی بەشدار لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا.
وەرزی نوێی خولی عێراق، لە 15ـی مانگی داهاتوو دەستپێدەکات، چوار یانەی کوردستانی، دهۆک، زاخۆ، هەولێر و نەورۆز لە رکابەرییەکەدا بەشدارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ