هەواڵێکی ناخۆش لەسەر مێسی

رووداو دیجیتاڵ

جیرارد مارتینۆی ئەرجەنتینی، راهێنەری یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، نادڵنیایی لەسەر وادەی گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی هاونیشتیمانییەکەی لە پێکان زیاتر کرد.
 
مارتینۆ ئامادەنەبوونی ئەو ئەستێرە ئەفسانەییە لە تیپەکەی بۆ بەشداریکردن لە یارییەکەی جامی خولەکان بەرامبەر یانەی کۆڵۆمبۆس، کە بەرەبەیانی سبەی بەڕێوەدەچێت، بەهۆی بەردەوامی پێکانەکەیەوە راگەیاند.
 
راهێنەری یانەی ئینتەرمیامی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان رایگەیاند، مێسی بەردەوامە لە کارەکانی بۆ ئەوەی لە پێکانەکەی چاکبێتەوە، وەک بەشێک لە پرۆگرامی چارەسەرکردنی، بەتەنیا مەشق و راهێنان دەکات، ئامادەش نابێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆلۆمبۆس.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد که وادەی کۆتایی چاکبوونەوەی لیۆنێل مێسی نازانێت لەو پێکانەی تووشی بووه، بەڵام هیواداره به زووترین کات بگەڕێتەوه بۆ تیپەکه.
 
مێسی لە 14ـی تەمموزی ساڵی رابردوو لە یارییەکەی ئەرجەنتین بەرامبەر کۆڵۆمبیا لە یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکای 2024 تووشی پێکانێکی سەخت بوو لە پاژنەی پێی راستیدا، کە یارییەکەش بە بردنەوەی ئەرجەنتین بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر کۆتاییهات و سەماکارانی تانگۆ نازناوەکەیان بردەوە.
 
مێسی لە دوای ئەو پێکانەی کە تووشی بوو، بەشداری هیچ مەشق و راهێنانێکی لەگەڵ تیپەکەی نەکردووە، کە ئەمەش کاریگەری بەسەر ئاستی یانە ئەمریکییەکەوە دەبێت.
 
قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی خولەکە هەینی و شەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، لە کاتێکدا ناڕوونی هەیە سەبارەت بە هەڵوێستی مێسی سەبارەت بە پەیوەندیکردن بەو یارییە ئەگەر تیپەکەی سەرکەوێت.
 
پاڵەوانێتییەکە ساڵانە بە بەشداری تیپەکانی ئەمریکا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت.