میلیتاو بەستەری ئەژنۆی پچڕاوە و وەرزەکەی کۆتایی هات


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی رایگەیاند ئیدێر میلیتاوی بەرگریکەری یانەکە دووچاری پچڕانی بەستەری ئەژنۆی بووە.
 
میلیتاو لە یاریی دوێنێ شەوی نێوان ئاتلێتیک بیلباو و ریال مەدرید کە بەسەرکەوتنی ریال بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر کۆتاییهات، دووچاری پێکانێکی قورسبوو و بەناچاری یاریگەی بەجێهێشت.
 
ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، "دوای پشکنینی زیاتر بۆ ئیدێر میلیتاوی یاریزانمان، دەرکەوت کە ئەو یاریزانە دووچاری پچڕانی بەستەری پێشەوەی ئەژنۆی چەپی بووە، یاریزانەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا نەشتەرگەری ئەنجامدەدات".
 
لە دوای خلیسکانی لە یارییەکەی بەرامبەر بیلباو لە خولەکی 50ی یارییەکەدا، میلیتاو هەستی بە ئازاری زۆر کرد لە ئەژنۆیدا و نەیتوانی یارییەکە تەواو بکات و بەناچاری چووە دەرەوە.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدرید، ئەوکات ناچاربوو پەنا بۆ یاریی پێکردنی رۆدیگێر ببات و دواتریش لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پاش یارییەکەدا گوتی، پێدەچێ پێکانەکەی میلیتاو قورس بێت و پچڕانی بەستەری ئەژنۆی بەدوور نازانین.
 
پێکانە قورسەکەی میلیتاو پاش چەند رۆژێکی کەم دێت لە پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی هەمان یانە کە ئەویش چاوەڕێ دەکات بەزووترین کات نەشتەرگەری ئەنجام بدات.
 
وێڕای دوورکەوتنەوەی زۆری میلیتاو بەهۆی پێکانەکەیەوە، میدیای ئیسپانیا ئەمڕۆ ئاشکرایانکردووە، ریال مەدرید بەنیاز نییە لە هاوینی ئەمساڵدا گرێبەست لەگەڵ هیچ بەرگریکەرێکدا بکات.