بۆسکێس وەڵامی رۆناڵدۆ دەداتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سێرجیۆ بۆسکێس، یاریزانی یانەی ئینتەر مەیامیی ئەمریکی، پێیوایە خولی ئەمریکا سەرنجی ژمارەیەکی زۆری ئەستێرەکان رادەکێشیت، هێزێکی زۆریشی دەبێت، بەهۆی بوونی لیۆنێل مێسییەوە لە خولەکە.
 
لیۆنێل مێسی، لە هاوینی ئەمساڵدا پەیوەندی بە یانەی ئینتەر مەیامیی ئەمریکییەوە کرد، لەکاتێکدا هەوڵی زۆر لەلایەن یانەکانی خولی سعودیەوە هەبوو بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە.
 
هاوینی ئەمساڵ هەروەها هەریەکە لە سێرجیۆ بۆسکێس و جۆردی ئەلباش، پەیوەندییان بە هەمان یانەوە کرد کە داڤید بێکهامی ئەفسانەی ئینگلیزی، خاوەنداریی بەشێک لە پشکەکانی یانەکە دەکات.
 
بۆسکێس کە پێشتر ساڵانێکی بەرچاو لەگەڵ مێسی لە بارسێلۆنا یارییکردووە، پێیوایە کە سەرکەوتنەکانی یانەکەی لە خولەکەدا و بوونی مێسی لە ریزەکانیدا هێز و کەسایەتیی زۆر بە خولەکە دەبەخشێت.
 
ئەو زیاتر دەڵێ، "لێرە هەموو شتێک لە کەشە ئەوروپییەکە جیاوازە، بەڵام هەموو شت باش ئامادەکراوە، ئاستی خولەکە بەبوونی لیۆنێل مێسی و چەندین یاریزانی دیکەی ئەستێرە زیاتر بەرەو سەر دەچێت، ئەو یاریزانانەی لە ئەوروپا ئاستی باشیان هەبووە و لێرە بەردەوام دەبن، خولەکە دەبەنە ئاستێکی دیکەوە".
 
قسەکانی بۆسکێس وەک وەڵامێک بۆ قسەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە میدیای جیهانیدا لێکدەدرێتەوە کاتێک پێشتر گوتبووی خولی سعودیە زۆر لە خولی ئەمریکا بەهێزترە.
 
پێشبینیکراوە لە ماوەی داهاتوودا چەند یاریزانێکی دیکەش، پاش ساڵانیک یارییکردن لە خولەکانی ئەوروپا، پەیوەندی بە یانەکانی خولی ئەمریکاوە بکەن و ئەوەش ئاستی رکابەریی لە خولەکەدا بەرەو سەر دەبات.