ڤان دایک: گرێبەستەکانی لیڤەرپوول تووشی سەرەگێژەیان کردم

13-08-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لیڤەرپوول ڤان دایک پرێمەرلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ڤێرجل ڤان دایک، بەرگریکەری یانەی لیڤەرپوول باسی لە وەرگرتنی نیشانەی کاپتنیی لە تیپەکەی کردووە و لەبارەی گرێبەستە نوێیەکانی یانەکەوە دەڵێ، دەنگۆکان دووچاری سەرەگێژە و بێزارییان کردم.
 
ڤان دایک کە ئەمڕۆ لەگەڵ یانەکەی کاروانی بەشداریکردن لە وەرزی نوێی پرێمەرلیگ بە رووبەڕووبوونەوەی چێڵسی دەستپێدەکات، دەڵێ، "لەدوای رۆیشتنی جۆردان هیندرسۆنەوە هەستمکرد من بەربژێردەبم بۆ وەرگرتنی نیشانەی کاپتنیی لە تیپەکەدا".
 
بەڵام دەڵێ، "لە گەنجییەوە بیرم لەوە نەکردووەتەوە ئەو نیشانەیە وەربگرم، چونکە هەندێک شتی تایبەت روودەدەن و ئەوەش بەشێکە لە جوانییەکانی ژیان".
 
ئەو لەبارەی بوون بە کاپتنی لیڤەرپوولەوە دەڵێ، "ئەمە رۆڵێکە کە بەرپرسیارێتی زیاترت دەخاتە سەرشان لە دەرەوە و ناوەوەی یاریگە، هیندرسۆن کاپتنێکی زۆرباشبوو، لەگەڵ ئەو قسە دەکەم لەبارەی نهێنییەکانی لەقۆڵکردنی ئەو نیشانەیە، چونکە من ئەزموونی پێویستم نییە لەوبارەیەوە، بەڵام هەوڵدەدەم تێیدا سەرکەوتووبم".
 
ڤان دایک دەڵێ، "ناتوانم گوشار لەخۆم بکەم بۆ ئەنجامدانی شتێک کە پێی دڵخۆش نەبم، من چێژ لەوە دەبینم لەگەڵ یاریزاناندا قسە بکەم و پەیامی منیش ئەوەیە کە دەبێ هەموو شت پێشان بدەین و هەموو شت پێشکێش بکەین وەک پەرچەکردار بەرامبەر ئەوەی وەرزی رابردوو روویدا".
 
ئەو زیاتر دەڵێ، "ئێمە دەمانەوێت جارێکی دیکە رکابەریی لەسەر نازناوەکان بکەین، هەندێک یاریزانمان لەدەستداوە کە لە کارە باشەکاندا بەشدارمان بوون، بەڵام ئەوەش بەشێکە لە ژیان".
 
ڤان دایک زیاتر گوتوویەتی "وەرزی رابردوومان ئومێدبڕبوو، هەستمانکرد کە دەبێ خۆمان راستبکەینەوە، کاتێک لە دوای پشوو گەڕاینەوە تەماشای دۆخەکەمان کرد، هەستمان بە ئازار کرد، چونکە ئێمە چەندین ساڵ لە ئاستی بەرزدا دەرکەوتین، بەڵام لەناکاو ئاستمان دابەزی، دەبێ ئەوە وەک پاڵنەر بۆخۆمان بەکاربهێنین".
 
لەبارەی ئامادەسازییەکانی وەرزی نوێوە، ڤان دایک دەڵێ، "هەست بەجۆشوخرۆش دەکەم لە یاریزانە نوێیەکاندا، ئەوان کوالیتی بەرزیان هەیە و یانەکە بەرەو پێش دەبەن".
 
زیاتر دەڵێ "متمانەم بە یانەکەم هەیە کە ئەو کارە ناوازەیەی بەدرێژایی چەندین ساڵ ئەنجامماندا، بۆچی ئێستاش ناتوانین دووبارەی بکەینەوە".
 
لەبارەی ناو و زۆریی ژمارەی ئەو یاریزانانەوەی ناویان بە لیڤەرپوولەوە دەبەسترێتەوە، بەرگریکەرە هۆڵەندییەکە دەڵێ، "بەهۆی زۆریی ناوەکانەوە هەستم بەسەرەگێژە کرد، هەر کەسێک دەبینی لە سۆشیال میدیادا لێمانبووەتە بەڕێوەبەری وەرزشی و باسی پێویستی گرێبەستکردن لەگەڵ ئەم یاریزان و ئەو یاریزان دەکات".
 
ئەو دەڵێ، گرنگ ئەوەیە کە ئێمە چێژ لە وەرزەکەمان وەربگرین، هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەم، بەڵامە ئەمە ئەرکی یاریزانانی دیکەشە کە دەبێ خۆمان بۆ وەرزێکی درێژ ئامادە بکەین کە یاریی زۆری تێدا دەبێت و رکابەریی لەسەر نازناوی خولی ئەوروپا دەکەین، هەستدەکەم من بەشێکم لە یانەیەکی جوان".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەبوونی هاندەران لە ستۆدیۆی تایبەتی رووداو بۆ رووماڵی یارییەکانی یۆرۆی 2024. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024

بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ).