تاوەکو ئێستا سەرئێشەی تۆمارکردنی ناوی یاریزانانی بارسێلۆنا بەردەوامە


رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا لە ململانێکردن لەگەڵ کات لەپێناو تۆمارکردنی یاریزانەکانی بەردەوامە، بەرلەوەی دەرگای تۆمارکردنی یاریزانان لە خولی لالیگای ئیسپانیا، دابخرێت.
 
بارسێلۆنای هەڵگری نازناوی خولی لالیگا، ئەمشەو یەکەم یاریی خۆی لە وەرزی نوێدا ئەنجامدەدات و دەبێتە میوانی خیتافی.
 
بارسێلۆنا بەهۆی تەنگژەی داراییەوە رووبەڕووی زەحمەتی لە تۆمارکردنی ناوی یاریزانەکانی بووەتەوە لە لیستی تیپەکەیدا، ئەمەش بەهۆی لادان لە بنمیچی رێگەپێدراوی مووچە لە خولەکەدا کە دەستەی لالیگا بەسەر یانەکاندا سەپاندوویەتی. ئەو رێوشوێنانە بارسایان ناچارکردووە پێداچوونەوەی تووند بە خەرجییەکانی خۆیدا بکات و کەمیان بکاتەوە.
 
بارسێلۆنا لە نێوان بەڕێکردن، فرۆشتن، گرێبەستکردن و نوێکردنەوەی گرێبەستدا کاری زۆری کردووە لە هاوینی ئەمساڵدا، پڕۆسەکانی یانەکە سەریان کێشاوە بۆ بەدەستهێنانی بڕی 94.5 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام ئەمە لە ئەنجامی رۆیشتنی 12 یاریزانی یانەکەوە بووە کە دیارترینیان ئانتوان گریزمان و عوسمان دێمبلی بوون.
 
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە بارسێلۆنا گرێبەستی چوار یاریزانی نوێی تۆمارکردووە، لە نێویاندا عەبدولسەمەد زەلزولی کە لە خواستن لە یانەی ئۆسەسۆناوە گەڕاوەتەوە.
 
بارسێلۆنا هەروەها ناوی ئۆریۆل رۆمیۆی تۆمارکردووە کە لە خیرۆناوە هاتووە، ئەمە جیا لە سێرجی رۆبێرتۆی کاپتنی نوێی تیپەکە، پاشئەوەی کاپتنەکانی پێشوو هەریەکە لە جۆردی ئالبا و سێرجیۆ بۆسکێس لە یانەکە رۆیشتن و روویانکردە یانەی ئینتەر مەیامیی ئەمریکی.
 
سێرجی رۆبێرتۆ لە مانگی سێی ساڵی رابردوودا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە بۆ ماوەی وەرزێکی دیکە و تاوەکو هاوینی 2024 نوێکردەوە، ئەمەش یانەکەی ناچارکردووە جارێکی دیکە گرێبەستی ئەو یاریزانە لە دەستەی لالیگا تۆمار بکاتەوە.
 
زەلزولی درێسی ژمارە 16ی یانەکە دەپۆشێت لە وەرزی نوێدا، لە کاتێکدا رۆبێرتۆ لە پۆشینی درێسی ژمارە 20 بەردەوامە و رۆمیۆش دەبێتە خاوەنی درێسی ژمارە 18.
 
ئەو یاریزانانە دەچنە پاڵ هەریەکە لە ئیلکای گۆندۆگان و رۆناڵدۆ ئاراوخۆ کە پێشتر لەلایەن یانەکەوە لە لالیگا تۆمارکراون.
 
گۆندۆگان پاش کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی، روویکردە بارسێلۆنا و درێسی ژمارە 22 دەپۆشێت، ئاراوخۆش وەرزی رابردوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەدا نوێکردەوە.
 
یانەی بارسێلۆنا، پێشتر گرێبەستی گاڤی لە مانگی حەوتی ئەمساڵدا تۆمارکردبوو، بەوەش یانەکە سەرکەوتووبوو لە پێدانەوەی درێسی ژمارە 6 بەو یاریزانە.
 
لە دوای تۆمارکردنی ئەو یاریزانانە، بارسێلۆنا پێویستە لەسەری ناوی شەش یاریزانی دیکەش تۆمار بکات لە تیپەکەدا، لە نێویاندا مارکۆس ئەلۆنسۆ کە گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2024 نوێکردووەتەوە، بەڵام ئەو یاریزانە بەهۆی زۆریی مووچەکەیەوە، تۆمارکردنەکەی پڕۆسەیەکی ئاسان نابێت.
 
بارسێلۆنا هەروەها ناچارە کاربکات بۆ تۆمارکردنی گرێبەستی هەریەکە لە ئینگیۆ مارتینێز کە لە ئاتلێتیک بیلباوەوە هاتووە، لەگەڵ سێرجینیۆ دێست کە لە خواستن لە یانەی میلانی ئیتاڵی گەڕاوەتەوە، ئەمە جیا لە تۆمارکردنی ناوی کلیمێنت لینگلێی گەڕاوە لە خواستن لە تۆتێنهام هۆتسپێر و ئینیاکی پینای گۆڵپارێز کە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە تاوەکو 2026 نوێکردووەتەوە، هەروەها ئەلیخاندرۆ باڵدی بەرگریکەر کە گرێبەستەکەی تاوەکو مانگی ئەوتی 2027 نوێکردووەتەوە.