مانچینی وازی لە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا هێنا

13-08-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رۆبێرتۆ مانچینی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆبێرتۆ مانچینی، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا پێشکێش کرد، یەکێتیی تۆپی پێی ئیتاڵیاش قبوڵیکرد.
 
یەکێتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا، رۆیشتنی مانچینی لە هەڵبژاردەی ئازووری راگەیاند، دوای ئەوەی پێنج ساڵ سەرکردایەتی ئەو هەڵبژاردەیەی کرد، و لەگەڵیدا یۆرۆی 2020ـی بردەوە، کە لە ناوەڕاستی ساڵی 2021 بەڕێوەچوو.
 
مانچینی لە 15ـی ئایاری 2018 پۆستی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیای گرتە دەست و لە 61 یارییدا سەرپەرشتی هەڵبژاردەکەی کرد، 37 بردنەوە و 15 یەکسانبوون و 9  دۆڕاندنی هەبوو.
 
سەرەڕای بردنەوەی نازناوی یۆرۆ، کاروانی وەرزشیی مانچێنی تووشی شۆک بوو، دوای ئەوەی نەیتوانی سەرکەوێت بۆ دوامۆندیال، کە لە 2022 لە قەتەر بەڕێوەچوو.
 
ئەم دەستلەکارکێشانەوەی مانچینی لە کاتێکدایە، کە تەنیا 10 مانگ ماوە بۆ دەستپێکردنی یۆرۆی 2024، کە لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
 
وەک میدیاکانی ئیتاڵیا باسی دەکەن، راگەیاندنی ناوی راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، دوای چەند رۆژێکی دیکە دەبێت.
 
ئەو سەرچاوانە باس لەوەش دەکەن، کە هۆکاری سەرەکی رۆیشتنی مانچینی وەرگرتنی پۆستی مەشقەکانی هەڵبژاردەی سعودیەیە، ئەگەرچی هەندێک سەرچاوەی نافەرمی باس لەوە دەکەن کە هۆکارەکەی ئەوەبووە کە یەکێتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا داوایلێکردووە کە بۆنوچی بکرێتە یاریدەدەری، ئەویش رازی نەبووە ئەو بڕیارەی بەسەریدا بسەپێنن و نەیویستووە بۆنوچی ببێتە بەشێک لە ستافی راهێنەرایەتییەکەی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە