ڤیدیۆ؛ چاڤی: بەڵێنێک نادەم ناچارم بکات قسەکەم لەگەڵ پەتاتە بخۆمەوە

13-08-2022
ئیحسان تاهیر
چاڤی
چاڤی
نیشانەکردن چاڤی هێرناندێز بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ناتوانێت بەڵێنێک بدات و نەیباتەسەر، چونکە ئەوکات دەبێت قسەکەی لەگەڵ پەتاتەی سوورکراوە بخواتەوە.
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی بارسێلۆنا لە گەڕی یەکەمی لالیگادا، لەسەر یاریگەی کامپ نو میوانداری یانەی رایۆ ڤاییکانۆ دەکات.
 
چاڤی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، سەبارەت بە تیپەکەی و دۆخی یاریزانەکانی قسەی بۆ میدیاکاران کرد.
 
راهێنەری بلاوگرانا، سەرەتا گوتی "پێموایە بۆ یاری رایۆ ڤاییکانۆ هەموومان دەچینە یاریگا، لەوانەیە هەموویان نەبن، دەیبینین، کاتمان هەیە تا دوو کاژێر پێش دەستپێکردنی یارییەکە ناوەکان تۆماربکەین، گەشبینین". 
 
ئەو لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە ئایا پێیوایە تیپەکەی باشترینی لالیگایە؟ گوتی "من ناڵێم خاوەنی باشترین تیپی ئیسپانیام، پێموایە گرێبەستی زۆر باشمان واژۆ کردووە، تیپێکی زۆر باشمان هەیە، بەڵام دەبێت ئەوە بسەلمێنین، ئێستا دەتوانم بڵێم باشترین تیپی جیهانین، بەڵام دواتر لەنێو کامپ نودا بدۆڕێین، ئەوکاتە دەبێت قسەکانم لەگەڵ پەتاتەی سوورکراوە بخۆم، دەبێت لە یاریگادا بیسەلمێنین".
 
چاڤی باسی فرێنکی دییۆنگی یاریزانی هۆڵەندیشی کرد و گوتی "فرێنکی یاریزانێکی گرنگە، تاوەکو ئێستا، ئەو بەشێکە لە تیپەکەمان، بازاڕ تا کۆتایی مانگ کراوەیە، نازانین چی روودەدات، نە لەگەڵ فرێنکی و نە لەگەڵ ئۆبامیانگ چی روودەدات".
 
هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رافینیای یاریزانی بەرازیلیش، گوتی "رافینیا لە هەر یاریزانێکی بەرازیلی جیاوازە کە یاریم لەگەڵ کردبێت، کەسایەتی خۆی هەیە، رەنگە لە نەیمار بچێت، بەڵام لێدانی هاوشێوەی ریڤاڵدۆی هەیە، ئەوە کوالێتییەی هەیەتی جیاوازی دروست دەکات، زۆر سیفەتی تێدایە".
 
لە کۆتاییدا باسی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکیشی کرد و لەبارەیەوە گوتی "لیڤاندۆڤسکی گۆڵکارێکی ناوازەیە و یاریزانێکی نایابە، توانای ئەوەی هەیە لە ناوچەی سزادا جیاوازی دروست بکات، ئەو هەموو شتێکمان پێدەدات لە هێڵی هێرشبردن، ئەو بە ئارەزووی زۆر و برسێتییەوە و هاتووەتە تیپەکەمان".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە