چێڵسی بۆ یاریی سوپەری ئەوروپا گەیشتە ئیستەنبوڵ


رووداو – هەولێر


یانەی چێڵسی بۆ رووبەڕووی یانەی لیڤەرپوول لە یاریی جامی سوپەری ئەوروپا، ئەمڕۆ گەیشتە تورکیا. 

فڕۆکە تایبەتەکەی یانەی چێڵسی کاژێر 01:10 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ نیشتەوە، لە فڕۆکەخانە پێشوازییەکی گەرم لە تیپەکە کرا و دواتر یاریزانەکان بە پاس بۆ هۆتێلێک لە ناوچەی بێشیکتاش گوازرانەوە.

هەر بەهەمان فڕۆکە نزیکەی 70 لایەنگری چێڵسی هاتن بۆ ئیستەنبووڵ و لەلایەن ستافی فڕۆکەخانە بە گرووپێکی میوزیکەوە پێشوازیکران و دواتر بۆ هۆتێلەکان گوازرانەوە. 

کاژێر 17:15 خولەکی ئەمڕۆ راهێنەری یانەکە لە یاریگەی ڤۆدافۆن، کە یارییەکەی لێ ئەنجامدەدەرێت کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی سازدەدات. 

چێڵسی لە کاژێر 18:00 دا پێش یاریی کۆتایی، دوایین راهێنانی خۆی دەکات کە 15 خولەکی یەکەمی بۆ راگەیاندنەکان کراوە دەبێت.  

هەردوو یانەی چڵسی و لیڤەرپوول کاژێر 22:00ی سبەی چوارشەممە لە یاریگەی ڤۆدافۆن ئارینا، کە یاریگەی یانەی بێشیکتاشە لە ئیستەنبوڵ لەسەر بردنەوەی جامی سوپەری ئەوروپا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە .