دەیڤد سیلڤا وازهێنانی لە یاری نێودەوڵەتی راگەیاند

رووداو - هەولێر

بە فەرمی دەیڤد سیلڤای یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا وازهێنانی لە یاری نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەیدا راگەیاند.

دەیڤد سیلڤای ئیسپانی و یاریزانی یانەی مانچێستەر سیتی دوای چەند ساڵێک یاریکردن لە ریزی لارۆخا، بە فەرمی وازهێنانی لە یاری نێودەوڵەتی رایگەیاند.

سیلڤا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پۆستێکی کردووە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە چیدیکە یاری بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی ناکاتەوە، هەروەها سوپاسی هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەکەی کرد کە چەند ساڵێکە یارییان بۆ دەکات و لە ریزی هەڵبژاردەکەیدا زیاتر ئاستی بەرەوپێش چووە.

سیلڤا تەمەنی 32 ساڵە، ماوەی 17 ساڵە لەسەرجەم ئاستەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیادا یاریدەکات و لە ساڵی 2006 لە ریزی یەکەمی هەڵبژاردەی ئیسپانیا یاریدەکات، تاوەکو ئێستاش 125 یاری بۆ لارۆخا ئەنجامداوە و 35 گۆڵیشی تۆمارکردووە، هەروەها لە ساڵی 2008 و 2012دا جامی یۆرۆ و لە ساڵی 2010شدا نازناوی مۆندیالی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیادا بەدەستهێناوە.

لەم هەفتەیەدا سیلڤا دووەم یاریزانی ئیسپانییە وازهێنانی لە یاری نێودەوڵەتیدا رادەگەیەنێت دوای ئەوەی چەند رۆژێک پێش ئێستا جیرارد پیکێش وازهێنانی راگەیاند.