پاڵەوانێتی یانەکانی عێراق بۆ پاسکیلسواری لەکەرکوک بەڕێوەدەچێت
رووداو -سلێمانى
تیپى پایسکیلسوارى نەورۆز، بە پێکهاتەیەکى نوێ بەشداریى قۆناخى دووەم و کۆتاییى پاڵاوتنەکانى گەیشتن بە پاڵەوانێتى پایسکیلسوارى عێراق دەکات، بۆ ئەو پاڵەوانێتییەى کە سبهیى ئەم مانگە لە شارى کەرکووك بۆ سەرجەم ئاستەکان بەڕێوە دەچێت، نەورۆز بە تیپى پێشکەوتووان بەشداریى دەکات.
نەورۆز بەتیپێکى لاوى کەمئەزموونەوە بەشداریى پاڵاوتنەکان دەکات، ئەمە لە کاتێکدا لە کۆمەڵەى باکور لە کۆى 10 تیپى بەشداربوو، تەنیا دوانیان بۆ قۆناخى داهاتوو سەردەکەون.
یانەى نەورۆز لە قۆناخى یەکەم پێشەنگ بوو، ماوەى 8 ساڵە لەسەر یەک نازناوى خولى عێراقى بەدەست دەهێنێت، بەڵام قەیرانى دارایى واى کرد، یانەکە باشترین یاریزانەکانى لەدەست بدات، ئەم تیپەیش بەبێ گرێبەست و مووچە یاریى دەکەن.
پاڵەوانێتى پایسکیلسوارى عێراق بە سێ قۆناخ بەڕێوەدەچێت، قۆناخى یەکەم و دووەم پاڵاوتن دەکرێت، پاشان لە کۆى دوو کۆمەڵە چوار تیپ بۆ قۆناخى کۆتاییى سەردەکەون، بۆ ململانێکردنى لەسەر بەدەستهێنانى نازناوى خولى عێراق.